هاوپەیمانی سیادەی سونەکانی عێراق کە وا ناسراون پەیوەندیەکی بەشیان لەگەڵ کوردو بە تایبەتی پارتی هەیە، سەرکردەیەکی ئەو هاوپەیمانییە هەردوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێم ( پارتی و یەکێتی )، تۆمەتبار دەکات بە ئاودیوکردنی بڕێکی زۆری نەوتی هەرێم.
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی بۆ ماڵپەڕی مەعولمە، عەبدولمەجید هاشم دلێمی،سەرکردەی هاوپەیمانی سیادەی سونە کە خەمیس خەنجەر سەرکردایەتی دەکات و ناسراون دۆستی کوردن، دەڵێت " بڕێكی زۆری نەوت لەرێگەی بارهەڵگرەكانەوە كە لەهەولێرەوە بەرەو سلێمانی بەڕێدەكەون و لەوێشەوە دەبرێنە دەرەوەو لەلایەن ئاسایش و هێزی پێشمەرگەشەوە چاودێری دەكرێن".
ئەو پەرلەمانتارەی سیادە دەشڵێت " قاچاخچییەكان بەباجی حكومەتی هەرێم بەنێو خاڵەكانی پشكنین و بازگەکاندا بەبێ ئاستەنگ تێپەڕدەبن و كارئاسانیان بۆ دەكرێت".
لە دوا قسەی سودانی سەرۆک وەزیران کە هەفتەی رابردوو لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ عەلی باپیر ئەنجامی دابوو، بەراشکاوی رایگەیاندبوو کە ئەگەر هەرێم نەوت رادەست نەکات چیتر مووچە مانگەکانی ماوە لە ساڵی ٢٠٢٥ نانێرێت.