عێراق و ئێران رووبەرووی دوژمنێکی هاوبەش دەبنەوە

بەرپرسێکی باڵای ئێران جەختی لە پێویستیی هاوکاری نێوان ئێران و عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر کردەوە دەڵێت "دوژمنێکی هاوبەشمان هەیە و دەبێت لەناوی ببەین".

هەینی ١٢ی ئەیلول نوێنەری سەرۆککۆمار و ئەمینداری گشتیی دەستەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران گەیشتە بەغدا  بە مەبەستی بەشداریکردن لە دووەمین کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لەنێوان عێراق و ئێران، 
حوسێن زولفەقاری، نوێنەری سەرۆککۆمار و ئەمینداری گشتیی دەستەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران، ڕایگەیاند" ئەمڕۆ لە ڕووبەڕووبوونەوەی یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییە ئەمنیی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم سەردەمەین، ئەویش بازرگانی و بەکاهێنانی ماددەی هۆشبەرە".

زولفەقاری ئاماژەی بەوەشدا، ئەم دیاردەیە ئاسایشی نەتەوەیی، تەندروستیی کۆمەڵگا بەتایبەت گەنجان و سەقامگیریی ئابووری هەردوو وڵاتی ئێران و عێراقی لەلایەن بازرگانانی نێودەوڵەتییەوە کردووەتە ئامانج.

ئەو بەرپرسە ئێرانییە ڕوونیشیکردەوە، ئالوگۆڕی زانیاری لە ئەمساڵدا ڕێگەی خۆشکردووە بۆ کەمکردنەوە و بەکارهێنانی ڕێڕەوی نێوان هەردوو وڵات، بەڵام دوژمنە هاوبەشەکەمان پێشکەوتوو و چەکدارە و بە تەکنەلۆژیای نوێ پڕچەک کراوە، بۆیە پێویستە ئاستی هاوکاریی هەواڵگری بەرز بکرێتەوە بۆ ئاستی ستراتیژی لەنێوان هەردوو وڵاتدا.




PM:06:14:12/09/2025