کۆمسیۆن سزای توند بەسەر بەرپرسانی عێراق دەسەپێنێت

پێنجشەممە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠٢٥، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سزای دارایی بەسەر بەشێک لە بەرپرسانی عێراق سەپاند کە لە ناویاندا سودانی، مالیکی، مەندەلاوی، سامەڕائی و ئەعرەجیدا هەیە. 

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند'' کۆمسیۆن سزای دارایی بەسەر محەممەد شیاع سودانی، نوری مالیکی، موحسین مەندەلاوی، موسەننا سامەڕائی، ئەحمەد حەسەدی و بەها ئەعرەجیدا سەپاند.'' 

ئەمە لەکاتێکدایە،  دوێنێ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لیستی ناوی ئەو کاندیدانەی پەسند کرد کە بەهۆی سەرپێچییەوە سزای داراییان بەسەردا سەپێندراوە، بەهۆی ئەوەی پێش دەستپێکردنی کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن، درووشمی حیزبی و وێنەی تایبەتیی خۆیان هەڵواسیوە.

غەلای دەڵێت'' سزای هەر یەکێکیان دوو ملیۆن دینارە و پێویستە پارەکە رادەستی نووسینگەی کۆمیسیۆن لە پارێزگاکەی خۆیان بکەن و  ئەگەر پارەکە نەدەن، ئەوا لەو بڕە پارەی بارمتەیە وەردەگیرێت کە پێشتر داویانە بە کۆمیسیۆن." 




PM:02:49:25/09/2025