شارەزایەکی ئابوری: پێویستە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن رابگیرێت


 
شاره‌زای ناسراوی بواری ئابوری و نەوت هۆشداری ده‌دات له‌ دابەزینی خێرای نرخی نەوت و، داوا ده‌كات ئه‌و هه‌موو خه‌رجییه‌ بۆ پروپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن ڕابگیرێت.

لە هەژماری تایبەتی خۆی، نه‌بیل مه‌رسوومی ئابووریناس و شاره‌زای بواری نه‌وت، لە بارەی دابه‌زینی نرخی نه‌وتەوە بە خێرایی دەڵێت "نرخی نەوتی خاوی بەسرەی قورس ٥٩،٥٩ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، نرخی نەوتی خاوی بەسرەی مامناوەند ٦٠،٧٤ دۆلار، بۆیه‌ داوا ده‌كه‌ین خەرجیی زۆری هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن کە ملیاران دیناری تێدا بەهەدەر ده‌درێت ڕابگیرێت".

لە درێژەی پۆستەکەیدا دەشڵێت "پێویسته‌ خانەی قەیرانی حکوومی بۆ چارەسەرکردنی دۆخی دارایی لە عێراق لە سایەی دابەزینی نرخی نەوت و ئەگەری ڕووخانی بازاڕی نەوت و دابه‌زینی بۆ ئاستی ٥٠ دۆلار پێكبهێنرێت".

ئاماژە بەوەش دەکات کە دابه‌زینی نرخی نه‌وت، پەیوەستە بە لاوازیی خواست و زۆریی خستنەڕووی لەدوای ڕێککەوتنی نێوان سەرۆکەکانی ئەمریکا و ڕووسیا بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ئۆکرانیا، سەرباری شەڕی بازرگانیی نێوان چین و ویلایەتە یەکگرتووەکان کە بووەتە هۆی لاوازکردنی خواستی جیهانی لەسەر نەوت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەواڵی خراپتر بۆ نرخی نەوت.

لە ماوەی ١١ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤، کۆی گشتی داهاتی عێراق نزیکەی ١٠٢.٤ ملیار دۆلار بووە، داهاتی نەوت نزیکەی ٩٠.٣ ملیار دۆلاری لێ پێک دێنێت، لە کاتێکدا داهاتی نانەوتی تەنها ١٢.٤ ملیار دۆلار بووە.

دەیان ساڵە ئەم پشتبەستنە زۆرەی ئابوری عێراق بە نەوت مەترسی گەورەی بۆ ئابووری وڵاتیەکە دروست کردووە.




AM:12:54:18/10/2025