فواد حسێن هەڵوێستی ئەمەریکا لە بارەی میلیشیا شیعەکانەوە رووندەکاتەوە


 
وەزیری دەرەوەی عێراق، د.فوئاد حسێن، دووپاتی کردەوە کە هەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بە " میلیشیا " شیعەکانی عێراق ڕوون و جێگیرە.

لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا کە رۆژی هەینی ٧ ی تشرینی دووەم سازکراوە، د. فواد حوسێن ڕایگەیاندووە، "هۆشدارییەکانی ئەمریکا نوێ نین؛ لەلایەن ئیدارەکانی پێشوویشەوە دەرکراون"، ئاماژەی بەوەشکردووە "واشنتۆن ئەم کوتلانە بە درێژکراوەی هەژموونی ئێرانەوە دەبەستێتەوە".

لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت " نازانین بۆ ئەمەریکا لەم کاتەدا ئەم هۆشدارییانە لە بارەی ئەو گرووپانەوە دەدات"، جەختیشی لەوە کردەوە " ئەمریکا لەسەر هەڵوێستێکی ئاشکرای خۆی بەرامبەر بە ئێران ماوەتەوەو ئەو گرووپانەش بە یەکێکە لە ئامڕازەکانی کاریگەری لە عێراقدا ناوزەد دەکات".

ئەو لە کاتێکدایە کە هەندێک ناوەندی هەواڵی ناوخۆی و ناوچەیی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەر ئەمەریکا و ئیسرائیل لەم چەند رۆژەی پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا هێرشنەکەنە سەر ئەو گرووپە چەکدارە شیعانەی سەر بە ئێرانن لە عێراقدا، ئەوا دوای هەڵبژاردن ئەنجامی دەدەن.




PM:08:06:07/11/2025