کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند"دوای ٢٤ کاتژمێر لە کۆتایی هاتنی دەنگدان ئەنجامی دەنگدانی تایبەت ڕادەگەیەنرێت".
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "ئەنجامی دەنگدانی تایبەت دوای ٢٤ کاتژمێر دوای کۆتاییهاتنی دەنگدان ڕادەگەیەنرێت". دووپاتیشی کردەوە کە " ژمارەی دەنگدەرانی وەزارەتی بەرگری گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٩٨ هەزار دەنگدەر".
غەلای زیادی کرد: سەبارەت بە هێزەکانی کۆکردنەوەی جەماوەری، ژمارەی دەنگدەرانی ناویان گەیشتە زیاتر لە ١٢٨ هەزار دەنگدەر، ئاماژەی بەوەشکرد" هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر زیاتر لە ١٨ هەزار دەنگدەریان هەبووە.".
وتیشی " ئامێرەکانی دەنگدان لە کاتژمێر ٧ی بەیانی بە شێوەی ئەلیکترۆنی کراونەتەوە و کاتژمێر ٦ی ئێوارە دادەخرێن."
بە گوێرەی زانیارییەکان بۆ دیاریکردنی رێژەی بەشداربوان، لە دووکاتی جیاوزدا ١٢ی نیوەڕۆ و ٦ی ئێوارە رێژەکە رادەگەیەندرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٥ دەستیپێکرد، بە بەشداری زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگدەر لە لقە جیاوازەکانی هێزە ئەمنییەکان، ئاوارەکان، زیندانییەکان، و ئەو کارمەندانەی کە لە کۆمسیۆن کاردەکەن.