فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق رێکار و ماوە دەستوورییەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقی روونکردەوە و ڕایگەیاند" پێشبینی دەکرێت پرۆسەکە لەدوای هەڵبژاردنەوە نزیکەی چوار مانگ بخایەنێت، بەڵام "دەکرێت بە هەبوونی ویستێکی سیاسی، کورت بکرێتەوە".
فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق دەڵێت: لە مادەی ٥٦ بڕگەی ٢ی دەستوردا هاتووە، دەبێت هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێی نوێنەران ٤٥ رۆژ پێش کۆتایی هاتنی خولی ئێستای پەرلەمان ئەنجام بدرێت، بە سەرنجدان بەوەی کە خولی ئێستا لە ٩ی ١ی ٢٠٢٢ دەستیپێکردووەو بۆ ماوەی چوار ساڵی رۆژمێری بەردەوامە بەپێی مادەی ٥٦ بڕگەی یەکەم، وادەی دەستوری بۆ هەڵبژاردن دەبوو ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ بێت، بۆیە دیاریکردنی ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، وەک وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشێلکارییەکی روونە، بەو پێیەی پاڵپشت نییە بە هیچ دەقێكی دەستوری و یان یاسایی .
بەگوێرەی ڕوونکردنەوەکەی فایەق زێدان، دوای پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە، سەرۆک کۆمار لە ١٥ ڕۆژدا داوا لە پەرلەمانی نوێ دەکات کۆببێتەوە و ئەویش لە یەکەم دانیشتنیدا سەرۆک و دوو جێگرەکەی هەڵدەبژێرێت.
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە ڕوونکردنەوەکەیدا باس لەوە دەکات، بە ڕەچاوکردنی ئەم ماوە دەستوورییانە، کۆی ماوەی پێویست بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، نزیکەی چوار مانگ دەبێت لەدوای راگەیاندنی ئەنجامەوە، بەڵام دەکرێت کارەکان زووتر لە وادەی دیاریکراو تەواو بکرێن و چاوەڕێی کۆتایی ماوەکان نەکرێت.
فایەق زێدان دواکەوتنی پێکهێنانی بەشێک لە حکومەتەکانی پێشووی بە " پێشێلکاریی روونی دەستوور" ناوبرد کە وەک خۆی وتی، بەهۆی "نەبوونی سزای یاساییەوە" روویداوە و هیوای خواست لە داهاتوودا چارەسەر بکرێت