بە پێی وتەی
وتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر لەم هەفتەیەدا چوارچێوەی هەماهەنگی پرسی سەرۆک وەزیرانی
داهاتووی عێراق یەکلایی دەکاتەوە.
سەلام زوبێدی،
وتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر لەو بارەیەوە ڕایگەیاند" چوارچێوەی هەماهەنگی
پابەندە بە وادەی دەستووری و مەرجەکانی بڕیاردان لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیران، ئەوان
چاوەڕوانی پەسەندکردنی ناوی براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانن لەلایەن دادگای
فیدراڵییەوە، بۆ دەستپێکردنی ڕێکارە دەستوورییەکان و داواکردنی کۆبوونەوەی خولی
نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران".
بە وتەی زوبێدی،
ئەم هەفتەیە چوارچێوەی هەماهەنگی کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق دیاری
دەکات و پرسەکە یەکلایی دەکاتەوە، پێویستە ئەو کەسایەتییە جێی ڕەزامەندیی لایەنی
ناوخۆیی و هەرێمی بێت، هاوکات کەسایەتییەکی سیاسی و ئابووریی بەهێز بێت.
چوارچێوەی
هەماهەنگی کە وەک ماڵی شیعەکان دەناسێنرێت و لە چەندان هێزی سیاسیی خاوەن کورسیی
پەرلەمان پێکهاتووە، لە ئێستادا گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانییە و ڕۆڵی
یەکلاکەرەوەی هەیە لە دیاریکردنی پۆستی سەرۆک وەزیراندا.
ئەم هاوپەیمانییە
لە دوایین پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتدا توانی محەممەد شیاع سوودانی، وەک سەرۆک
وەزیران دیاری بکات.
بەگوێرەی نەریتی
سیاسیی عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە، پۆستی سەرۆک وەزیران پشکی پێکهاتەی شیعەیە و
پێویستە هێزە سەرەکییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر کاندیدەکە بگەنە سازان،
بۆ ئەوەی لە پەرلەمان متمانەی پێ ببەخشرێت.
شیعەکان نۆ کەسیان
بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندید کردووە و بڕیارە ئەو لیژنەیەی کە لەلایەن چوارچێوەی
هەماهەنگییەوە پێکهێنراوە، کاندیدێکی تەوافوقی لە نێوان هێزە شیعەکاندا دەستنیشان
بکات.
١١ تشرینی دووەم ٢٠٢٥،
هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، لە ١٢ مانگدا ئەنجامی بەرایی
هەڵبژاردنەکان لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕاگەیاندراو (١٧
تشرینی دووەم ٢٠٢٥) ئەنجامی کۆتایی لە لایەن کۆمسیۆنەوە بڵاوکرایەوە، دوای
یەکلاکردنەوەی تانەکان، ئەنجامی کۆتایی دەنێردرێت بۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و
یەکەم ڕۆژی کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق لە لایەن دادگاکەوە دیاری دەکرێت، کە یەکەم
دانیشتن لە لایەن نوری مالیکیەوە بەڕێوەدەچێت، وەک بەتەمەنترین پەرلەمانتار.