دوابەدوای پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەلایەن دادگای فیدڕاڵی و دەركردنی مەرسومی كۆماری لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە بۆ یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێ، سەرۆكی بەتەمەن بۆ یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان ڕاگەیەنرا.
ئەمڕۆ سێ شەممە، د. لەتیف ڕەشید، سەرۆك كۆماری عێراق مەرسومی كۆرماری دەركرد بۆ كۆبوونەوەی خوولی نوێی پەرلەمانی عێراق و ڕۆژی دوو شەممە ٢٩ی ئەم مانگەی دیاریكرد.
لای خۆشیەوە، فەرمانگەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بڵاویكردەوە، عامر فائیز وەك بەتەمەنترین پەرلەمانتاری ئەم خوولە دەبێتە سەرۆكی یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە چەند ڕۆژێكە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەڵێت: نوری مالكی بەتەمەنترین پەرلەمانتارە و دەبێتە سەرۆكی یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان.
پێشتر، عامر فائیز، ئەندامی دەرچووی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندبوو" زۆرێک وتوویانە کە نوری مالکی بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمانی داهاتووە، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە من لە ساڵی ١٩٤٨ لەدایک بووم، لە کاتێکدا ئەو لە ساڵی ١٩٥٠ لەدایک بووە، بۆیە من بەتەمەنترینم بەپێی ئەو بڕگەی دەستووری، کە سەرۆکایەتی دانیشتنی یەکەمی بەڕێوەدەبات؟".