کەتیبە چەکدارەکانی حیزبوڵای عێراقی ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن "بەرگریکردن حەقە و چەکیش لە دەست جەنگاوەرەکانمان دەمێنێتەوە و پێویستە سەرجەم هێزە چەکدارە بیانییەکان حاکی عێراق جێبهێڵن".
شەممە، ٢٠ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، چەکدارەکانی حیزبوڵای عێراق راگەیاندراوێکیان لە بارەی دانانی چەکەوە بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند "هیچ لێك تێگەیشتنێک لەگەڵ حكومەتدا ناكەین تا دوای کشانەوەی هەموو هێزەکانی داگیرکەرو ناتۆ و سوپای تورکیا و پێویستە دڵنیاشبن لە سەلامەتیی گەل و شوێنە پیرۆزەکان لە هەڕەشەی بەکرێگیراوانی جۆلان".
بە پێی ڕاگەیاندراوەکەی حیزبوڵا مەرجیان هەیە بۆ چەک دانان و ئاماژە بەوە دەکەن " سەروەری و پاراستنی ئاسایش لە عێراق و ڕێگریکردن لە دەستوەردانی دەرەکی بە هەموو شێوەکانیەوە، مەرجی پێشوەختە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر كۆكردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا".
هەر ئەمڕۆ فایق زەیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ووتی " سوپاسی گرووپە چەكدارەكان دەکەم بۆ گوێگرتن لە ئامۆژگارییەكان و كۆكردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و گواستنەوەیان لە كاری سەربازییەوە بۆ كاری سیاسی".
حیزبوڵای عێراق لە ساڵی ٢٠٠٧ دروست بوە و بە لقێکی ناو حەشدی شەعبی دادەنرێت و لەلایەن ئەحمەد حەمیداوی سەرکردایەتی دەکرێت.