"ئەمریکا هۆشداری تووند بە عێراق دەدات و مەرجی بەپەلەی هەیە"

رۆژنامەی ( الشرق الاوسط) لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاویکردووەتەوە کە " لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا دوو پەیامی هۆشداری تووند لە وڵاتێکی عەرەبی و دەزگایەکی هەواڵگری ڕۆژئاوایەوە بەدەست عێراق گەیشتووە، کە زانیاریی "جیدی" لەخۆگرتووە سەبارەت بە جێبەجێکردنی هێرشی سەربازیی بەرفراوانی ئیسرائیل وئەمریکا بۆسەر عێراق.

بە گوێرەی زانیارییەکان پێدەچێت هێرشەکان دامودەزگا حکومییەکانی پەیوەست بە کوتلە شیعەکان و هێزەکانی کۆکردنەوەی جەماوەری و کەسایەتییە کاریگەرە دارایی و سەربازییەکان و شوێن و کۆگاکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک و کەمپەکانی مەشق و ڕاهێنانیان بکاتە ئامانج. 

سەرچاوەکان باسیان لەوە کرد کە هەڕەشەکە سەرەتا بە پەیامێکی وڵاتێکی عەرەبی کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئەمریکی و ئێرانیەکان هەیە، بەرزبووەتەوە و وتی" لە پەیامەکە جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە بەغدا زۆر نزیکە لە بوون بە ئامانجی هێرشێکی خێرای سەربازی، هاوشێوەی بە ئامانجگرتنی نووسینگەی سیاسی حەماس لە دەوحە لە ئەیلولی ٢٠٢٥".

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، پەیامەکە لایەنەکانی حکومەتی عێراق و سیاسەتمەدارانی عێراقی ئاگادارکردۆتەوە کە "ئاستی هەڕەشەکان زۆر جدییە و ئیسرائیل ئێستا باس لە وەرگرتنی گڵۆپی سەوز لە ئەمریکییەکان دەکات بۆ ئەوەی تاکلایەنە لە شانۆی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراقدا مامەڵە بکات".

عێراق یەکێک بووە لەو ئامانجانەی کە ئیسرائیل لە دوای ئۆپەراسیۆنی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بەنیازە هێرشی بکاتە سەر، بەڵام سیاسەتمەدارانی عێراق لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەمریکییەکان ڕێگری دەکەن لە تەلئەبیب ئۆپەراسیۆن لە عێراق دەستپێبکات، بەڵام لەبری ئەوە پاڵ بە نەهێشتنی مەترسییەکانی چەک لە دەرەوەی وڵاتەوە دەنێن.

رۆژنامەکە لە زاری دیپلۆماتکارێکی ڕۆژئاوایی راگەیاند" تێڕوانینی ئەمریکییەکان لەسەر بەرپرسانی عێراق لەوەدایە کە بە تەواوی لە واقیعی دۆخەکە تێنەگەیشتوون و پێویستە بڕیاری یەکلاکەرەوە بدەن بۆ دوورکەوتنەوە لە مەترسییەکان. ئاماژەی بەوەشکرد، "لە شوێنێکدا، هەستیان بە بێزاری کردووە بەهۆی وەڵامدانەوەی لاوازی عێراقەوە".

پەیامەکەی دەزگای هەواڵگری ڕۆژئاوا لە کاتێکدا هات کە بەڕێوەبەری نوێی فەرمانگەی هاوکاری ئاسایشی ئەمریکا، کۆڵۆنیۆڵ ستیڤانا باگلی، دەستبەکاربوو بۆ چاودێریی‌و جیبەجێکردنی هەنگاوەکانی ڕێککەوتنی ئەمنی هاوبەشی عێراق‌و ئەمریکا سێ مەرجی بۆ عێراق دیاریکردووە و ئەگەر جێبەجێ بکرێت ئەوە ئەمریکا ئەو پاره‌یه‌ی له‌ بودجه‌ی به‌رگریدا دیاریكردوه‌ بۆ عێراق ڕه‌وانه‌ی ده‌كات، ئه‌گه‌رنا به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هیچ هاوكارییه‌كی ناكات‌و به‌ڵكو سزای قورستتریشی ده‌دات. 

کۆنگرێسی ئەمریکا لە ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ بودجەکەی پەسەند کرد، لەگەڵ سنووردارکردنی نوێ بۆ دابینکردنی بودجەی هاوکاریی ئەمنی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق ئەگەر بەغدا بتوانێت "توانای ئۆپەراسیۆنی گروپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران کەم بکاتەوە کە لە ڕێگەی پرۆسەی داماڵینی چەک و یەکگرتنەوە کە بە ئاشکرا پشتڕاست دەکرێتەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا".

هەروەها یاسای ئەمریکا پێویستی بە"بەهێزکردنی دەسەڵات‌و کۆنترۆڵ‌و بڕیاره‌كانی سەرۆک وەزیرانی عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌ وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق"، جگە لەوەش، مەرجی ئەوە هەیە کە "ئەندامانی میلیشیا یان کارمەندانی ئەمنی کە لەدەرەوەی هێزو فەرماندەیی فەرمی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کاردەکەن، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت‌و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت ئەگەر بەشداربن لەهێرشکردنەسەر کارمەندانی ئەمریکی یان عێراقی، یان بەشداریی هەر چالاکیەکی نایاسایی یان ناسەقامگیرکەر بکەن".

لای خۆشیەوە بەرپرسێکی پێشووی حکومەتی عێراق بە ئەشرق ئەلئەوسەتی ڕاگەیاندووە" ئەمریکییەکان چەندین جار حکومەتی عێراقیان ئاگادارکردووەتەوە کە چاوەڕێی خشتەی کاتین بۆ نەهێشتنی کاریگەریی میلیشیاکان، بەتایبەتی تا ساڵی ٢٠٢٦، کە بڕیارە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا تەواوبکات."

رۆژنامەکە ئاشکراشی کرد کە" بەرپرسێکی حکومەتی عێراق پێگەیشتنی پەیامەکەی سەبارەت بە گروپە چەکدارەکانی پشتڕاستکردەوە. ناوبراو بە مەرجی ئەوەی ناوی ئاشکرا نەکرێت، وتی" ئەم هۆشدارییانە لە وڵاتانی دۆست و باڵیۆزخانە ڕۆژئاواییەکانەوە هاتوون کە لە بەغدا کاردەکەن".

لای خۆشییەوە سەرکردەیەکی شیعە لە هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند" ئەم دوو پەیامە "دۆخەکەی گۆڕیوە و سەرکردەی لایەنە شیعەکانیشی هانداوە هەنگاوەکانی تایبەت بە چەکی کوتلەکان خێراتر بکەن، زۆریشیان هەوڵدەدەن وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە کە: ئێستا چی بکەن؟” بەڵام "ناکۆکی هەیە لەسەر شێواز و لایەنی متمانەپێکراو کە قۆناغی ئینتقالی سنووردارکردنی چەک جێبەجێ دەکات."

هاوکات بەرپرسێکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە ئەشرق ئەلئەوسەتی وتووە"  تەنانەت پێش ئەوەی ئەمریکا فشارەکان زیاتر بکات، ڕێککەوتنێک لە نێوان سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت بە چەکداماڵینی چەکی قورس ئەنجامدراوە".

لە هەمان کاتدا ئەم کوتلانە ئامادە نین هەنگاو بنێن، بە ڕواڵەت ملکەچی فشار و هەڕەشە دەرەکییەکان دەبن. ئەو سەرکردەیەی شیعەکان ڕایگەیاند" گروپە چەکدارە شیعەکان داوای "ئازادی کارکردن لە چوارچێوەیەکی نیشتمانیدا بەبێ فشار و کاتی زیاتر"یان کردووە بۆ ئەوەی خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگونجێنن، لەوانەش هەڵوەشاندنەوەی توانا سەربازییەکانیان.


هاوکات وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دووپاتیکردەوە کە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە جەختکردنەوە لەسەر پێویستی چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوەی ئەو میلیشیایانە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن و سەروەری عێراق تێکدەدەن و هەڕەشە لە ئەمریکییەکان و عێراقییەکان دەکەن و سەرچاوەکانی عێراق بۆ بەرژەوەندی ئێران تاڵان دەکەن. 




AM:11:13:21/12/2025