میلیشایەکی تری شیعە ئامادەنییە چەک دابنێت


چەندان گرووپی گەورە و بچوکی میلیشیای شیعەی عێراقی  سەر بە ئێران ئامادەنین هەڕەشەکانی ئەمەریکا بە هەند وەرگرن و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە " ئامادە نین چەک دابنێن و نوێترینیان عەسائیبی ئەلی حەقە".
 
رۆژی سێ شەممە ٢٣ ی کانوونی یەکەم جواد تڵێباوی، سەركردەوە و وتەبێژی سەربازی عەسائیبی ئەهلی حەق نامەیەكی بۆ قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیب ناردووە و تێیدا دەڵێت "لە فەرهەنگی ئێمەدا جێگایەك نییە بۆ رادەستكردنی چەك یان سازشكردن لەسەر موقاوەمە".

لە درێژەی نامەکەدا کە میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردۆتەوە جواد تڵێباوی دەڵێت" بەزمانی سەربازی قسەتان لەگەڵ دەكەین كە متمانەی بە فەرماندەكەی خۆی هەیە و ئەمه وتارێكی سەرپێی و هەڵچونێكی كاتی نییە، بەڵكو مێژووە و لە گۆڕەپاندا بنیاتنراوە و خوێنێكە رووبەڕووی تەكفیرییەكان بۆتەوە، لەو كاتەدا كه ئەوانی تر كشانەوە خۆڕاگربوو تاسەركەووتن".

ناوبراو جەختیش دەکاتەوە، "باهەمووان بزانن جێگایەك نییە بۆ رادەستكردنی چەك یان سازشكرن لەسەر موقاوەمە لە فەرهەنگی ئێمەدا، ئەمە دۆسیەكی سیاسی، یان خاڵێك نییە بۆ دانوستان، بەڵكو بیروباوەڕە و قەڵغانی كەرامەتە و موزایەدەی لەسەر ناكەین".

تا ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو لە میلیشیا شیعە وەلائییەکانی سەر بە ئێران لەوانە( بزووتنەوەی نوجەبا، سەید شوهەدا، حزبوڵا، عەسائیب ئەهلی حەق) چەندان گرووپی بچوک بچوک ئامادەنین مل کەچی هەڕەشەکان ئەمەریکا و ئیسرائیل بن کە لەچەند مانگی رابردوودا چەندانجار هەڕەشەی گورزی سەربازیان لێکراوە. 




PM:03:02:23/12/2025