وەزارەتی کارەبای عێراق بڵاویکردەوە کە بە هۆی دۆخێکی لە ناکاوەوە هەناردەکردنی گازی سروشتی ئێران بۆ عێراق وستاوە و کاریگەری لەسەر پێاندانی کارەبا دروست دەکات.
سێ شەممە، ٢٣ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، ئەحمەد مووسا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە میدیا عێراقیەکانی ڕایگەیاند " لایەنی ئێرانی لە ڕێگەی بروسکەیەکی فەرمییەوە وەزارەتەکەمانی ئاگادار کردووەتەوە کە بەهۆی بارودۆخێکی کتوپڕەوە هەناردەکردنی غاز بەتەواوی ڕادەگرن".
ئەم بڕیارە بووەتە هۆی لەدەستدانی ٤٠٠٠ بۆ ٤٥٠٠ مێگاوات لە توانای بەرهەمهێنانی وزە، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان دروست کردووە.
" لە ئێستادا هەوڵەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوت چڕ کراونەتەوە بۆ دابینکردنی سووتەمەنی پێویست و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە بەهۆی ڕاوەستانی غازی هاوردەکراوەوە دروست بووە"، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا وا دەڵێت.
عێراق پێویستی بە ٤٠ هەزار مێگاوات کارەبا و ٢٠ هەزار مێگاواتی دیکە هەیە لە ئەگەری پاڵپشتیکردنی پیشەسازییە ناوخۆییەکان.