ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەڵێت " لیژنەیەک لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە لە لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکهێندراوە بۆ بەدواداچوون بۆ دۆسیەی عێراقییەکانی نێو جەنگی رووسیا و ئۆکراینا".
فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق و قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لەگەڵ لیژنەی تایبەت بەو عێراقیانەی بەشدارن لە جەنگی نێوان ڕوسیا و ئۆکراینا، چوار شەممە، ٢٤ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ کۆبونەوە، لە دوای کۆبونەوەکە، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بە میدیاکانی ڕاگەیاند " رێکاری یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە تێوەگلاون لە پڕۆسەی چەکدارکردنی عێراقییەکاندا لەو جەنگە".
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریش ووتی " بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، هەر کەسێک بەبێ ڕەزامەندیی حکومەت بچێتە نێو هێزە چەکدارەکانی وڵاتێکی دیکەوە، سزای زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێندرێت وە پشتگیری ئەو لیژنەیە دەکەین کە دروست کراوە بۆ ڕزگارکردنی ڕۆڵەکانمان لە مردن، کە ژمارەیان سەدان کەس دەبێت ".
ماوەیەک بەر لە ئێستا لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە باس لەوە دەکرا گەنجانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە ناوی بەڵینی خوێندن و هاوسەرگیری "فریو" دەدرێن و دەنێردرێن بۆ جەنگی ڕوسیا و ئۆکراینا.