"٧٠ ڕوفاتی ڕادەستی کەسوکاریان دەکرێنەوە و بەشێكیان خەڵکی سلێمانین"

‌ڕوفاتەکان

فەرمانگەی پزیشكی دادی عێراق زانیاری لە بارەی ژمارەی ئەو ڕووفاتانەی دۆزراونەتەوە و دراونەتەوە بە کەسوکارەکانیان لە کۆمەڵکوژی بادوش ڕادەگەیەنێت.

پێنج شەممە، ٢٥ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، یاسەمین موزر، بەڕێوبەری بەشی گۆڕەبەکۆمەڵاکان لە فەرمانگەی پزیشکی دادی عێراق، لە بارەی ڕادەستکردنەوەی ٧٠ ڕوفات بە کوسوکاریان، بە میدیاکانی ڕاگەیاند "بە چاودێریی وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پزیشکیی دادی، رووفاتی 70 قوربانیی کۆمەڵکوژیی بادوش رادەستکرانەوە، کە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە لە کاتی کۆنترۆڵکردنی پارێزگای نەینەوادا شەهید کرابوون".

ڕوفاتەکان خەڵکی پارێزگاکانی سلێمانی، دیالە، نەینەوا، واست و بەسرەن.

بەڕێوبەری بەشی گۆڕەبەکۆمەڵەکان، لە بارەی ژمارەی ئەو ڕوفاتانەی ماون دەڵێت "ناتوانین ژمارەی ئەو ڕووفاتانە بە وردی دیاری بکەین کە ماون، چونکە کاتی پشکنین ئیسکەکان بە بەربڵاوی و تێکەڵی بوون، بەڵام بە نزیکەیی ٣٥٠ ڕووفات ماون، دوای هاوتاکردنی سامپڵ لەگەڵ کەسوکارەکانیان و کۆکردنەوەی ئێسکەکان، ژمارەکە کەمتر دەبێتەوە".

ئەمە پێنجەمین کاروانی رادەستکردنەوەیە و تاوەکو ئێستا ٢٤١ ڕووفات لە کۆی ٦٠٥ ڕووفاتی دۆزراوە ناسراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، داعش لە ١٠ حوزەیرانی ٢٠١٤ هێرشی کردە سەر زیندانی بادوش، کە زیاتر لە سێ هەزار بەندکراوی تێدابوە، بەندکراوانیان لەسەر بنەمای ئایینی جیا کردووەتەوە و لە هەمان رۆژدا دەیان بەندکراوی شیعەیان لە چەند شوێنێک کوشتووە، هەندێک لە بەندکراوان بە چەقۆ و گولـلە کوژراون و هەندێکیشیان سەربڕدراون. 




PM:08:57:25/12/2025