ڕۆژنامەی العربی الجدید ڕاپۆرتێکی لە بارەی ژمارەی گروپە چەکدارەکانی عێراق بڵاوکردۆتەوە و دەڵێت " لە عێراقدا زیاتر لە ٧٠ گروپی چەکدار بوونیان هەیە و ژمارەی چەکدارەکانیان بە ٢٥٠ هەزار ئەندام مەزەندە دەکرێت".
هەینی، ٢٦ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، بە پێی ڕاپۆتێکی ڕۆژنامەی العربی الجدید بڵاویکردوەتەوە، کە هەرچەندە لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە پرۆسەی وەرگرتنی سەرباز لە ناو گروپەکانی سەر بە حەسدی شەعبی وەستاوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو هێزانە خاوەنی سەربازگەی خۆیانن و لە پەرەسەندندان. چەند گروپێکی وەک ئەنساوڕوڵڵا، ئەوفیا، کەتائیبی ئیمام عەلی، عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتائیبی سەیدولشوهەدا ئامادەیی خۆیان بۆ رادەستکردنی چەک بە دەوڵەت پیشانداوە.
بە پێی زانیارییەکانی ئەو ڕۆژنامە عێراقیە هەڵوێستی ئەو گروپانە "مانۆڕێکی سیاسیە" بەو پێیەی ئەم گرووپانە حەشدی شەعبی بە دامەزراوەیەکی فەرمیی دەوڵەت دەزانن و مەبەستیان لە "ڕادەستکردنی چەک"، گواستنەوەیەتی بۆ کۆگاکانی حەشدی شەعبی، نەک بەشێوەی یەکجاری، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرووپەکانی وەک کەتائیبی حزبوڵڵا و نوجەبا بە ئاشکرا چەکدانانیان ڕەتکردوەتەوە.
ڕۆژنامەی العربی الجدید ئاماژە بەوە دەکات ئەو گروپانە بەهۆی نەبوونی گرەنتی بەرامبەر هەڕەشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل، ئەستەمە دەستبەرداری چەکەکانیان ببن.
لەگەڵ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق فشار لەسەر عێراق لە لایەن ئەمریکاوە زیاتربوە، بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران.