بارانبارین بەردەوامە و پلەکانی گەرما دەگاتە سفر

دەستەی کەشناسی عێراق ئاشکرای دەکات کە ئەمڕۆ بارانبارینی مامناوەند بۆ بەخوڕ بەشێوەیەکی بەرفراوان ڕووبدات، لەوانە باکور و ڕۆژهەڵاتی نەینەوا، دهۆک، هەولێر، سلێمانی و کەرکوک، و ڕێژەی بارانبارین لە نێوان ٣٠ بۆ ٧٠ ملیمەتر.

 لە هەندێک ناوچەی سنوورداردا دەگاتە ٨٠ بۆ ١٠٠ ملیمەتر، بەتایبەتی بەرزاییەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵات، لەگەڵ چالاکییەکانی ڕەشەبادا، هەروەها پێشبینی دەکرێت بەفرێکی زۆر لە بەرزاییە شاخاوییەکاندا ببارێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە چالاکیی بارانبارین لە بەشی ڕۆژهەڵاتی هەرێمەکە زیاد دەکات، بەتایبەتی لە دیالە و ڕۆژهەڵاتی سەلاحەدین و ڕۆژهەڵاتی واست، بڕی بارانبارین دەگاتە نزیکەی ٢٥ بۆ ٤٠ ملم


دەشڵیت " چالاکی با لەکاتەکانی بەیانی و پاشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممەدا، زیاتر دەبێت کە خێراییەکەی دەگاتە ٤٥ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.

لە راگەیەنراوەکەشدا هاتووە کە پلەکانی گەرما بەشیوەیەکی بەرچاو دادەبەزن و لە زۆربەی شارەکاندا دەگاتە  سفر .

ڕێکخراوەکە داوای لە هاووڵاتیان کردووە "وریا بن، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باکوور کە بەر باران و لافاوێکی زۆر دەکەوێت، هەروەها لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەهۆی بەفربارین و خراپی بینین، هەروەها گرنگی بە هەوای ساردی شەوانە و سەعاتەکانی زووی بەیانیان و چالاکیی بای بەرهەمهێنەری خۆڵ لە ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی وڵات بدەن”.




AM:10:14:28/12/2025