سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد، هەوڵەکان "لە ئێستادا" بۆ ئەنجامدانی دانوستان لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە بەغدای پایتەخت بەردەوامە و وتیشی" گفتوگۆی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران هێشتا لە شوێنی خۆمانین، پێموایە گەیشتوینەتە قۆناغی چەقبەستن".
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی (المیادین)رایگەیاند" دوای زیاتر لە چل رۆژ بەسەر راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا، گفتوگۆی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران هێشتا لە شوێنی خۆمانین، پێموایە گەیشتوینەتە قۆناغی چەقبەستن'.
وتیشی" بەندەو بەڕێز مالیکی كاندیدی سەرۆك وەزیرانین، هەروەها لە کۆبونەوەکەدا ناوی بەڕێز عەبادیش پێشنیازكراوە، هەندێك ناوی تریش لەلایەن هەندێک کەسایەتی عێراقییەوە خراوەتەڕوو".
سودانی دەشڵێت" راستە عەبادی بە دەستکەوتی سەرکەوتنەوە هاتە ناو هەڵبژاردنەکانەوە، بەڵام ئێمە بە بەدەستهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و هەروەها ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و خزمەتگوزارییەکان- هەموو ئەم شتانە چووینە ناو هەڵبژاردنەکانەوە".
ناوبراو زیادی کرد: پێشنیارمان بۆ تۆم باراک نوێنەری ئەمریکا کرد کە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران کەڵک وەربگرین بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا.
جەختیشی لەوە کردەوە کە "نە لایەنی ئەمریکی و نە لایەنی ئێرانی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان ڕەت ناکەنەوە، بەڵام هەریەکەیان سنوورداربوونی خۆیان هەیە".
لە ناوخۆدا، لەسەر پرسی سنووردارکردنی چەکی گروپە چەکدارەکانی عێراق، سودانی جەختی لەوە کردەوە کە " سنووردارکردنی چەک خواستی ئەمریکا نییە، بەڵکو بڕیارێکی عێراقییە لە بەرنامەی حکومەتدا کە من پێشکەشم کرد و ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی پێدا".
" یەکێک لە مەرجەکانم ئەوە بوو کە قبوڵی نەکەم سەرۆک وەزیران بم و تەماشاکەری بۆردومانی باڵیۆزخانە و بنکەکان بم."( سودانی وای وت)
ئاشکراشی کرد کە" گرووپەکانی عێراق دوو بژاردەیان لەبەردەمدایە، یان پەیوەندی بە دامەزراوە ئەمنییەکانەوە بکەن یان ڕێبازی سیاسی بگرنە بەر".