ئەندامێکی هاوپەیمانی عەزم ئاشکرای دەکات کە ئەگەری هەیە ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی بە دوو کاندیدەوە بچێتە ناو دانیشتنەکەوە ئەگەر ڕێککەوتن لەسەر یەک ناو نەکرێت و دەڵێت" سوننەكان بەدوو كاندید دەچنە ناو دانیشتنی پەرلەمان، ئەوانیش سامەڕائی و حەلبوسیە."
سەلاح دلێمی، ئەندامی هاوپەیمانی عەزم، بە رۆژنامەی (الصباح)ی راگەیاندووە" ئاماژەی بەهێز هەیە ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی بە دوو کاندیدەوە بچێتە ناو دانیشتنەکەوە ئەگەر ڕێککەوتن لەسەر یەک ناو نەکرێت".
وتیشی" تا ئێستا هێزو و هاوپەیمانییەکان ناوی سەرۆکایەتییەکانیان یەکلایی نەکردووەتەوە".
دلێمی ئاماژەی بەوەشكردووە: پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یەکێکە لە کێشە پڕ مشتومڕەکان، پێشیوایە سوننەكان بەدوو كاندید دەچنە ناو دانیشتنی پەرلەمان، ئەوانیش سامەڕائی و حەلبوسیە.
لای خۆیەوە، ئاراس مەشهەدانی، ئەندامی هاوپەیمانی عەزم دووپاتی کردەوە: لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی هیچ کاندیدێکی سازان نییەو دەرگای کاندیدکردن کراوەیە بۆ هەریەکێک لە سەرکردەکانی ئەنجومەنەکە کە ئارەزووی خۆکاندیدکردنیان هەبێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری چوونە ناو دانیشتنی سبەینێ بە زیاتر لە کاندیدێک.
هاوکات مەحمود قەیسی، ئەندامی خوولی نوێی پەرلەمانی عێراق پشتڕاستی کردەوە، کە هاوپەیمانی عەزم (موسەننا سامەڕائی) بۆ سەرۆکی پەرلەمان کاندید کردووە.