بە بەشداری ٢٩٢ پەرلەمانتار یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەستیپکرد و پەرلەمانتار سوێندی یاساییان خوارد، و کورد بەسێ بەربژێر کێبڕکێی بە دەست هێنانی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان دەکات.
دوو شەممە، ٢٩ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، بە سەرۆکایەتی عامر فایز وەک بەتەمەنترین پەرلەمانتاری دەرچوو، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەم لە پەرلەمانی عێراق دەستی پێکردوە پەرلەمانتارانی کورد بە کوردی سوێندی یاسایان خوارد، لە بڕگەی دووەمی دانیشتنەکەدا، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی یەکلایی دەکرێتەوە و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵدەبژێردرێت، بە پێی زانیارییەکان هەتا ئێستا پارتی و یەکێتی خۆیان یەکلا نەکردوەتەوە دەنگ بە کێ دەدەن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.
میدیاکانی نزیک لە پارتی دەڵێن " فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ شاخەوان عەبدوڵڵا و بارەگای بارزانی لە کۆبوونەوەدان، بۆ ئەوەی خۆیان یەکلایی بکەنەوە کە لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا دەنگ بە کامە بەربژێری پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بدەن".
لە بارەی یەکێتییشەوە میدیاکانی نزیک لەو حزبە ڕایانگەیاند "یەکێتی پشتیوانی ئەو بەربژێرە دەکات کە زۆربەی لایەنە سونەکان لەسەری کۆکن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان".
سەبارەت بە پۆستی جێگری دووەمی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانەوە، کورد بە سێ کاندید بەشدارە، پارتی، د. شاخەوان عەبدوڵای بەربژێرکردوە، کاوە عەبدولقادربەربژێری جوڵانەوەی نەوەی نوێیە و ڕەوتی هەڵوێستیش د. ڕێبوار کەریمی بەربژێر کردوە.
ڕۆژی ١١ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو.