ژنێكی چالاکوانی عێراقی، داواکاری بۆ بەربژێربوونی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق پێشکەشکردوە و ئاماژە بەوە دەکات ئامانجی لەو هەنگاوەی بۆ شکاندنی ئەو نەریتە سیاسیە باوەیە کە لە عێراقدا بۆ پۆستەکان هەیە.
چوار شەممە، ٣١ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، ئەمیرە جابری، بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "پەیوەندیم بە پەرلەمانی عێراقەوە کردوە و ئاگادارمکردونەتەوەوە کە خۆم بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بەربژێر دەکەم و بەڵگەنامە پێویستەکانم بۆ ناردوون، پێیان ووتم کە دەبێت بۆ ئەو هەنگاوە سەردانی یەکێک لە فەرمانگەکانی پەرلەمان بکەم بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی خۆبەربژێرکردن و لە چەند ڕۆژی داهاتوو ئەو کارانە دەکەم".
ئەمیرە جابری، خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە بەڕێوبردنی پرۆژە و کاری ڕاوێژکاری.
پەرلەمانی عێراق تا ڕۆژی ٥ کانوونی دووەم ٢٠٢٥، ناوی ئەو کەسانە وەردەگرێت کە خۆیان دەپاڵێون بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، کە ئەو کەسە دەبێت چەند مەرجێکی تێدا بێت، لەوانە هاوڵاتیی عێراقی بێت و دایک و باوکی خەڵکی عێراقبن، تەمەنی لە ٤٠ ساڵ زیاتر بێت، بەلایەنی کەمەوە بڕوانامەی زانکۆی هەبێت، پێشینەی تاوانی نەبێت، یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری نەیگرتبێتەوە.