نێردەی سەرۆکی ئەمریکا لە عێراق پەیامێکی توند ئاڕاستەی بەرپرسانی عێراق دەکات و دەڵێت” بەڵێن بێت عێراقێکی جیاواز هەبێت.”
مارک ساڤایا، پەیامێکی پیرۆزبایی و هۆشداریی ئاراستەی گەلی عێراق و لایەنە جیاوازەکان کرد، تێیدا جەخت لەسەر قۆناغێکی نوێی سەقامگیری و کۆتاییهێنان بە گەندەڵی و چەکی بێسەروبەر دەکرێتەوە.
لە پەیامەکەدا لیستێکی وردی ئەو گرفتانە خراوەتە ڕوو کە بڕیارە لە ساڵی ٢٠٢٦ دا کۆتاییان پێ بهێنرێت، گرنگترینیان؛ کۆتاییهێنان بە ناسەقامگیری، چەکی بێ مۆڵەت، میلیشیاکان، گرژییە ناوخۆییەکان و دەستوەردانی دەرەکی.
هەروەها بنبڕکردنی گەندەڵی، تاڵانکردنی سامانی وڵات، سپیکردنەوەی پارە، گرێبەستە وەهمییەکان، دزی و فێڵکردن لە یاسا. لەگەڵ چارەسەرکردنی بێکاری، هەژاری، نەخوێندەواری، کەمیی خزمەتگوزارییەکان، نادادی و ستەم.
پەیامەکەی ساڤایا بە دەستەواژەی "ئێمە ئێستا دەست پێ دەکەین" کۆتایی پێ هاتووە و دووپاتی دەکاتەوە، ئاڵای عێراق بە بەرزی دەمێنێتەوە .