"٩٠ ملیۆن دینار بۆ خانەنشینی سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق دانەنراوە"


سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ڕاگەیاندراوێکی لە بارەی ڕاستی خانەنشینکردنی لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق بە ٩٠ ملیۆن دینار بڵاوکردەوە.

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، پێنج شەممە، ١ کانوونی دووەم ٢٠٢٥، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندوە "بە تووندی ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە و باس لەوە دەکەن، گوایە لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق سوپاسی وەزارەتی دارایی کردووە لە بەرامبەر دیاریکردنی مووچەی خانەنشینییەکەی بە ٩٠ ملیۆن دیناری مانگانە".

"ئەمە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی چەواشەکاریی بەئەنقەستدایە کە لایەنی ترسنۆک و گەندەڵ لەپشتیەوەیە و ئامانج لێی ناوزڕاندنی سەرۆک کۆمار و دامەزراوەکانی دەوڵەت و وروژاندنی ڕای گشتییە لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی زانیاریی درۆ"، لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتوە. 

لە کۆتاییدا سەرۆکایەتی کۆمار داوا دەکات کە هاوڵاتیان و میدیا خۆیان لە هەواڵی ناڕاست بە دووربگرن و لە سەرچاوەی فەرمییەوە هەواڵەکان وەربگرن،  ڕێکاری یاسایش دەگرنەبەر لە بەرامبەر ئەو لایەنانەی ئەو هەواڵەیان بڵاوکردوەتەوە.  




AM:12:44:02/01/2026