بارەگای یونامی لە عێراق داخرا


لەگەڵ داخستنی بارەگاکەیان و کۆتاییهێنان بە کارەکانی لە عێراق، لە ڕاگەیاندراوێکدا یونامی باس لە میکانیزمی کارکردن بە شێوەیەکی دیکەی و بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی عێراق دەکات.

تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا ١ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، ڕوونی کردووەتەوە، کە سەرەڕای کۆتاییهاتنی ئەرکی یونامی لە عێراق، بەڵام تیمی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بە هاوبەشیی لەگەڵ حکوومەتی عێراق، بۆ کارکردن لەسەر ڕێککەوتنی پشتیوانیکردن لە گەشەپێدانی درێژخایەن، کە لە ٢٥ ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو واژۆکرا، بەردەوامە.

لای خۆشیەوە لە هەمان ڕۆژدا، کلاودیۆ کۆردۆنی، بەرپرسی یونامی لە ئێکس بڵاویکردەوە، دەرگای نووسینگەی سەرەکی یونامی لە بەغدا داخرا و "بەغدام بەجێهێشت و ئەمڕۆ دەستبەکاردەبم وەکو جێگری نێردەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا".

بە پێی ڕاگەیاندراوی تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لەم قۆناغە بە دواوە بەم شێوازە کار لەسەر چەند سێکتەرێک دەکەن بە هاوبەشی لەوانە:
- هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی ئابووری.
- ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و ئیدارەدانی سەرچاوە ئاوییەکان.
- تۆکمەکردنی سیستەمی پاراستنی کۆمەڵایەتی.
- بەهێزکردنی حوکمڕانی و دۆزینەوەی چارەی بەردەوام بۆ کێشەکان.

نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ھاوکاریی عێراق، ناسراو بە یونامی  (UNAMI)، ئەرکێکی سیاسیی نەتەوەیەکگرتووەکانە کە لە ١٤ ئابی ٢٠٠٣ بە پێی بڕیاری ژمارە ١٥٠٠ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و لەسەر داوای حکوومەتی عێراق دامەزرا، لە ٨ی نیسانی ٢٠٢٤ حکومەتی عێراق داوای کۆتایهێنانی بە ئەرکی یونامی کرد تا کۆتایی ٢٠٢٥، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ٣١ ئایاری ٢٠٢٤  بە کۆی دەنگ بڕیاری ژمارە ٢٧٣٤ـی پەسەند کرد بۆ کۆتایی هێنان بە ئەرکی یونامی لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥دا. 





AM:09:27:02/01/2026