سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای ئەنبار، ئەمڕۆ هەینی، پەردەی لەسەر جوڵەی کاروانێکی سەربازیی گەورەی ئەمریکی لە بنکەی ئاسمانی "عەین ئەلئەسەد"ەوە بەرەو هەرێمی کوردستان لادا. ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ پرۆسەیەکی چۆڵکردنی ئەو بنکە سەربازییە لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە.
میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە "کاروانەکە لە زیاتر لە ٥٠ ئۆتۆمبێلی جەنگی جۆری 'هەمەر' پێکهاتووە، لە بنکەی عەین ئەلئەسەدەوە کە دەکەوێتە ناحیەی بەغدادی لە قەزای هیت (ڕۆژئاوای ئەنبار) بەڕێکەوتووە و بەرەو بنکەی 'هەریر' لە پارێزگای هەولێر لە باکووری عێراق دەچێت."
سەرچاوەکە جەختی کردەوە کە "کاروانەکە لە ژێر پاراستنی ئاسمانیی چڕی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکادا جووڵەی کرد، ئەمەش بۆ زامنکردنی سەلامەتی کاروانەکە لە هەر هێرشێکی چەکداری."
ئەو میدیانە ئاماژە بەوە دەکەن کە "ئەم جوڵانە بە تەنها نین، بەڵکو لە چوارچێوەی چالاکییە سەربازییە چڕەکاندایە کە ناوچەکە لەم دواییانەدا بەخۆیەوە دەبینێت، لەوانە چۆڵکردنی بەرچاوی هێز و کەلوپەلەکان لە بنکەی 'عەین ئەلئەسەد' و بنکەی 'تەنەف'ی سووریاوە بەرەو بنکەی هەریر و ئوردن. هەروەها سەرچاوەکان جوڵەی نائاسایی نیشتنەوە و فڕینی فڕۆکە بارهەڵگرە سەربازییەکانی ئەمریکایان لە بنکەی ئەسەد تۆمارکردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەبوونی ئامادەکاری بۆ ئەرکێکی ئەمنی یان دووبارە جێگیربوونەوەیەکی ستراتیژی کە تا ئێستا ڕەهەندەکانی ڕوون نین."