دەستەی هەماهەنگیی بەرگریی عێراقی داوای لە حکومەتی داهاتوو کرد چوار داواکاری جێبەجێ بکات، جەختی لەوە کردەوە کە رادەستکردنی چەکەکانیان"رەتدەکەنەوە".
دەستەی هەماهەنگیی بەرگریی عێراقی کە گروپەکانی (عەسائیبی ئەهلی حەق، کەتائیبی حزبوڵا، نوجەبا، ئەوفیا، سەیدولشوهەدا، کەتائیبی کەربەلا - کە گروپگەلێکی پۆلێنکراوی نێودەوڵەتین) لە بەیاننامەیەکدا ئێوارەی دوێنێ رایانگەیاند" حکومەتی داهاتووی عێراق پابەندە بە ئەولەویەتدان بەمانەی خوارەوە، یەکەمیان بریتییە لە پەسەندکردنی شەفافیەت و جددیەت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ خەڵکی خۆنەویست، بە شێوەیەک کە پێشکەوتنی وڵات و واقیعی کۆمەڵایەتییەکەی بەدەستبهێنێت، و مسۆگەر بکات لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و کۆتاییەکەی".
بەگوێرەی بەیاننامەکە، هەروەها دەستەکە داواکار بووە بە "ئەولەویەتدان بەو یاسا و ڕێسایانەی کە خزمەت بە وڵات دەکەن و پارێزگاری لە کەرامەتی گەل دەکەن، بەتایبەتی پەسەندکردنی یاسای حەشد، کۆتاییهێنان بە بوونی هێزە بیانییەکان و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە هەژموونێکی بیانییەکان کە خاک و ئاسمانی عێراقی داگیرکردووە، و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە کاریگەرییەک، جا سیاسی بێت، ئەمنی بێت یان ئابووری".
دەستەکە ئاماژەی بەوە کردووە،" چەکی بەرخۆدان بەتایبەت لە وڵاتێکدا کە داگیرکاری بەردەوامە، چەکێکی پیرۆزە، ئەم چەکە گەرەنتیکەر و پەنجەرەی متمانەیە لە بەرگریکردن لە خاک و شوێنە پیرۆزەکان، هەروەها قەڵغانێکی بەهێز بووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی باندە تاوانکارەکانی داعش، و بە توندی رادەست کردن یان هەر قسەیەک لەسەری لەلایەن لایەنە بیانییەکانەوە لەسەری رەت دەکەینەوە".
هەروەها سەرکردەیەکی بزووتنەوەی نوجەبا کە گرووپێکی چەکدارییە لە عێراق، دووپاتی کردەوە کە بزووتنەوەکە بە هەموو توانای خۆیەوە بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکییەکان.