لە ڕۆژی دامەزراندی سوپادا سەرۆک وەزیرانی عیراق و حزبوڵا دوو پەیامی پێچەوانەی یەکتریان بڵاوکردەوە


لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی سوپای عێراق، سەرۆک وەزیران جەخت دەکاتەوە کە دەبێت چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت، لە لایەکی دیکەوە کەتیبەکانی حزبوڵای عێراق راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" عێراق دەبێت خاوەنی بڕیاری ئازادی خۆی بێت و کۆنترۆڵی خاک و ئاسمانی وڵات بکات".

سێ شەممە، ٦ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، لە کاتێکدا تەمەنی سوپای عێراق دەبێتە ١٠٥ ساڵ و ئەمڕۆ ساڵڕۆژی دامەزاراندنی سوپایە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند "بەردەوامین لە کارکردن بۆ بەهێزکردنی هێزی دەوڵەت لە ڕێگەی پاراستنی ئاسایش و هێشتنەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەت، ئەوەش بە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت و گونجان لەگەڵ بانگەوازی مەرجەعی باڵا".

کەتایبەکانی حزبوڵای عێراقیش ڕاگەیاندراوێكیان بڵاوکردەوە و دەڵێن "براکانمان لە مقاوەمەی عێراقی هەڵوێستی خۆیان لەسەر چەکی کەرامەت و شکۆ روونکردەوە و وەک هەمیشە بەرژەوەندیی نەتەوە دەخەنە پێش هەموو بەرژەوەندییەک".

 بە پێی لێدوانێکی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری تا ئێستا ئەو گروپانەی ئامادەن چەکەکانیان سنوردار بکەن بریتین لە " عەسائیبی ئەهل حەق، کەتیبەکانی ئیمام عەلی، کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا و کەتیبەکانی ئەنسارولڵا ئەوفیا". 

کەتیبەکانی حزبوڵای عێراق کە لەلایەن ئەبو مەهدی موهەندیسەوە دامەزرێنراوە، بە فەرمی بەشێکن لە دەستەی حەشدی شەعبی و لەناو ئەو دەستەیەدا خاوەنی لیواکانی ٤٥ و ٤٦ و ٤٧ـن و چەک دانانیان ڕەتکردۆتەوە کە ماوەی چەند مانگێکە داواکاری سەرەکی حکومەتی ئەمریکایە لە دەسەڵاتدارنی عێراق، کە دەبێت سەرجەم ئەو گروپە چەکدارانەی لە عێراقدان چەکیان لێوەربگیرێت و سنورداربکرێن بە تایبەت ئەو گروپانەی هەڕەشەن بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق. 




PM:04:01:06/01/2026