میدیا عێراقیەکان: محەمەد شیاع سودانی لە کاندید بوون بۆ سەرۆک وەزیران کشایەوە

محەمەد شیاع سودانی، بڕیاریدا لە کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بکشێتەوە لە شوێنی نوری مالیکی کاندید دەبێت. 

میدیا عێراقیەکان ئاشکرایدەکەن، ئەم هەنگاوە ڕێگەی بۆ نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی "دەوڵەتی یاسا" خۆشکرد تا وەک کاندیدی سەرەکی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەربکەوێت.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆربەی هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی ڕەزامەندییان دەربڕیوە بۆ ئەوەی مالیکی جارێکی دیکە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندید بکەنەوە.

سەرەڕای ئەو کۆدەنگییەی باس دەکرێت، ڕەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی عەممار حەکیم تێبینی لەسەر ئەم بڕیارە هەبووە. سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە'' حەکیم پێشنیارێکی جیاوازی خستووەتە ڕوو و داوای کردووە کە پێویستە بابەتی دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران بخرێتە بەردەم مەرجەعییەتی باڵا لە نەجەف بۆ وەرگرتنی ڕای کۆتایی."

ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدایە کە ململانێیە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بەردەوامن و کشانەوەی سودانی دەتوانێت هاوکێشەکان بۆ بەرژەوەندی مالیکی بگۆڕێت. 




PM:10:22:10/01/2026