چوارچێوەی هاوئاهەنگی مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەربژێر کرد

بە گوێرەی راگەیەنراوی  چوارچێوەی هاوئاهەنگی، چوارچێوەکە نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەربژێر کردووە.
 
فەرمانگەی راگەیاندنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی،لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە"  لە پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و یەکلاکردنەوەی بەربژێری سەرۆک وەزیران، گەیشتوونەتە هەنگاوی پێشکەوتوو و پەرەسەندنی گرنگ هاتووەتە ئاراوە".
 
بڵاویشیکردووەتەوە کە ئەمڕۆ کۆبوونەوەی لایەنەکانی ناو چوارچێوەکە لە نووسینگەی موحسین مەندەلاوی بەڕێوەچووە "تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە بەردەوامبوون لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو و یەکلاکردنەوەی ناوی سەرۆک وەزیران، وەک بەشێک لە شایستە دەستوورییەکانی قۆناخی داهاتوو."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کۆبوونەوەکە لە "کەشێکی ئەرێنی"دا بەڕێوەچووە و تێیدا "گفتوگۆی بەرپرسانە" کراوە، کە دەرەنجامەکەی پەرەسەندنی گرنگ و ئاماژەی بەرەوپێشچوون بووە، بە شێوەیەک لەگەڵ پێویستییەکانی سەقامگیریی سیاسی و بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراقدا بگونجێت.
 
ئاشکراشی کرد کە "چوارچێوەی هاوئاهەنگی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەربژێر کردووە."
 
نووری مالیکی کێیە؟
 
- ناوی تەواو: نووری کامل محەممەد حەسەن مالیکی.
- ساڵی لەدایکبوون: ١٩٥٠ (قەزای هیندییە لە پارێزگای بابل)
- خوێندن: ماستەر لە ئەدەبی عەرەبی.
 
- لە ساڵی ١٩٧٠ پەیوەندی بە حزبی دەعوەی ئیسلامی کردووە.
- لە ساڵی ١٩٧٩ بەهۆی راوەدوونانی لەلایەن رژێمی بەعسەوە، عێراقی بەجێهێشت و چوو بۆ ئێران و دواتر بۆ سووریا، لەوێ وەک سەرکردەیەکی ئۆپۆزیسیۆن دژی سەدام حوسێن کاری دەکرد.
 
- بۆ ماوەی دوو خول لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ تاوەکو ٢٠١٤ سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە.
- ئەمینداری گشتیی حزبی دەعوە: ئێستا سەرکردایەتی ئەو حزبە دەکات.
- سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا: یەکێکە لە کوتلە گەورەکانی پەرلەمانی عێراق.
- جێگری سەرۆککۆمار: لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٨ ئەم پۆستەی هەبووە.




AM:11:43:11/01/2026