لە پەیامێکی نوێدا بۆ پشتیوانیکردنی ئێران، ئەمینداری گشتی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق دووپاتی کردەوە، هێزەکانیان لە تەواوی ئامادەباشیدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە دەستدرێژییەکی ناوخۆیی یان دەرەکی کە بکرێتە سەر خاکی ئێران.
ئەبو حوسێن حمێداوی، ئاماژەی بەوە کرد، ئەم گروپە وەک بەشێک لە بەرەی مقاوەمە ئەرکی خۆی دەبینێت هاوشانی تاران بوەستێتەوە، چونکە ئێران نوێنەرایەتی ئومەتی ئیسلامی دەکات و هەر هێرشێک بۆ سەری بە هێرش بۆ سەر تەواوی بەرەی بەرگری هەژمار دەکرێت.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی و ئەو دەنگە ناڕەزایەتییانەی دژی تاران بەرز دەبنەوە، حمێداوی داوای لە سەرکردایەتی ئێران کرد کە گرنگی بەو جموجۆڵانە نەدەن و دوایان نەکەون، چونکە ئەو لایەنانە بە بەکرێگیراو و ئامانجیان تێکدانی سەقامگیرییە.
هەروەها، هۆشدارییەکی توندی دایە هەموو ئەو هێزانەی پلانی جەنگ دژی ئێران دادەڕێژن و ڕایگەیاند'' هەر جۆرە هەوڵێکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی ئاگرێکی گەورە لە ناوچەکەدا کە هیچ کەس ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات.''