بەرپرسانی سەربازی عێراق: ئاسمانی عێراق گۆڕەپانی شەڕ نییە ودەبێت سەروەری بپارێزرێت



ڕاوێژکاری سەربازی  عێراق، پشتڕاستی کردەوە کە عێراق توانای یاسایی و تەکنیکی تەواوی هەیە بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی ئاسمانی خۆی لە هەر شەڕێکی ئەگەری نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران، جەختی لەوە کردەوە کە بێلایەنکردنی ئاسمانی عێراق پایەیەکی بنەڕەتییە بۆ پاراستنی سەروەری نیشتمانی.


جەنەراڵ سەفا ئەلعاسم، ڕاوێژکاری سەربازی  عێراق، ڕۆژی چوارشەممە (١٤ی ژانویەی ٢٠٢٦) بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند" عێراق مافی ڕەوای هەیە کە ئاسمانی خۆی بپارێزێت و ڕێگری بکات لە ڕاکێشانی بۆ ناو ململانێکانی ناوچەیی کە لە بەرژەوەندی ئەودا نییە، ڕوونیشی کردەوە کە سەروەری ئاسمانی بەشێکی دانەبڕاوە لە سەروەری نیشتمانی وڵاتەکەی".

ڕوونیشی کردەوە کە" عێراق وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەر و ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەسەڵاتی یاسایی تەواوی هەیە بۆ ڕێگریکردن لە تێپەڕین یان بەکارهێنانی ئاسمانی خۆی بۆ مەبەستی سەربازی بەبێ ڕەزامەندی ئاشکرای حکومەت، ئاماژەی بەوەشکرد، هەر پێشێلکارییەکی ئەم پرەنسیپە دەتوانێت وڵاتەکە بخاتە بەردەم مەترسییە ئەمنییەکانی ڕاستەوخۆ و بیکاتە گۆڕەپانێک بۆ کاردانەوەی بەرامبەر".

ئاماژەی بەوەشکرد، " حکومەتی عێراق لەڕێگەی سیاسەتی بێلایەنی خۆیەوە، هەوڵدەدات خۆی لە تێوەگلان لە هەر میحوەرێکی سەربازیدا بەدوور بگرێت"، و ڕەتیدەکاتەوە عێراق بکرێتە گۆڕەپانێک بۆ ململانی ناوچەیی یان نێودەوڵەتی.

ئەلعاسم ئاماژەی بەوەدا کە " جێبەجێکردنی ئەم ڕێبازە پێویستی بە هەماهەنگی ئاستی باڵا هەیە لە نێوان دامەزراوە سیاسی و سەربازییەکان، جگە لە چالاککردنی سیستەمی چاودێری و کۆنترۆڵکردنی ئاسمانی و بەهێزکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دڵنیابوون لە ڕێزگرتن لە بڕیارەکەی عێراق"، و جەختی لە گرنگی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ ڕێزگرتن لە سەروەری عێراق کردەوە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی هەستیاری دۆخی ناوچەکە.

ئاشکراسی کرد کە  "رێگریکردن لە بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق لە هەر شەڕێکی ئەگەری نێوان واشنتۆن و تاران هەنگاوێکی پێویستە بۆ ڕێگریکردن لە لێکەوتەکانی ململانێیەک کە لە بەرژەوەندی گەلی عێراق یان ئاسایشی ناوچەکەدا نییە".

ئەو قسانە لە کاتێکدایە کە گرژییە ناوچەییەکان لە نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران پەرەسەندووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان لەوەی ناوچەکە بچێتە نێو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی ئاشکرا کە ئەگەری هەیە بگوازرێتەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ.

عێراق بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییە هەستیارەکەی و پەیوەندییە سیاسی و ئەمنییە تێکەڵاوەکانی لەگەڵ هەردوولا لە دڵی ئەم دیمەنەدایە.

بەدرێژایی ساڵان، ئاسمانی عێراق چەندین جار بووەتە جێگەی مشتومڕ، چونکە هەندێکجار بەبێ ڕاگەیاندنی فەرمی بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان یان جموجۆڵە ناوچەییەکان بەکارهێنراوە، ئەمەش نیگەرانییەکانی ناوخۆی سەبارەت بە بەرکەوتنی وڵاتەکە بە مەترسییە ئەمنییەکان و ئەگەری کاردانەوەکانی دروستکردووە.





PM:02:10:15/01/2026