دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، لە پارێزگای دیوانیە، ٢١ ئەندامی گروپی "قوربانیەکانی" دەستگیرکرد، کە تیروپشکیان دەکرد بۆ گەنجان تا خۆیان بکوژن.
پێنج شەممە، ١٥ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، ئەرشاد حاکم، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە میدیاکانی ڕاگەیاند "هەموو دەستگیرکراوەکان گەنجن و دانیشتووی دیوانییەن و دوو کەسیشیان خەڵکی پارێزگای نەجەفن، ئەم ئۆپەراسیۆنە هاوکات بووە لەگەڵ نزیکبوونەوەی رۆژانی زیارەتی رەجەبییە کە ئەم جۆرە گرووپانە تێیاندا چالاک دەبن".
لە بارەی شێوازی کارکردنی ئەو گەنجانەی دەستگیرکراون، وتەبێژی دەزگای ئاسایش وتویەتی "ئەم گرووپانە بە بانگەوازی ئایینی، فێڵ لە گەنجان دەکەن، دوور لە هەموو مرۆڤایەتییەک، ترسناکتریین کردەوە کە ئەنجامی دەدەن، بەشێوەی کۆمەڵ کۆدەبنەوە و تیروپشک دەکەن بۆ ئامادەبووان کێ ناوی دەربچێ، دەبێ خۆی بکوژێت و خۆی بکاتە قوربانی".
"ئەم شانەیە بەزۆری لە ناوچەکانی خوارووی عێراق هەن، لەلایەن کۆمەڵە کەسانێکەوە سەرکردایەتی دەکرێن کە لەدەرەوەی عێراقن"، ئەرشاد حاکم وا دەڵێت.
ساڵی ڕابردوو، ٢٠٣ کەس بەتۆمەتی پەیوەندییان بە گرووپە تووندڕەوەکان و گرووپی قوربانییەکان لە هەموو پارێزگاکانی عێراق دەستگیرکراون.