ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، لە پەیامێکی بەپەلەدا هۆشداریی توند دەداتە حکومەتی عێراق و هێزە ئەمنییەکان سەبارەت بە تێکچوونی دۆخی ئەمنیی سوریا و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق.
موقتەدا سەدر جەخت دەکاتەوە کە ئازادکردنی زیندانییە داعش لە سوریا مەترسییەکی گەورەیە و پێویستە ڕێکاری خێرا بگیرێتەبەر.
سەدر لە پەیامەکەیدا چەند خاڵێکی وەک نەخشەڕێگایەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان خستووەتە ڕوو، کە گرنگترینیان ئەمانەن:
داوا لە حکومەتی عێراق دەکات فشار بخاتە سەر وڵاتی ئوردن بۆ ئەوەی دەستبەجێ سەرکردە و ئەندامانی حزبی بەعس (ژن و پیاو) ڕادەستی عێراق بکاتەوە.
داوا دەکات حکومەتی سوریا سەرجەم ئەو زیندانییە عێراقییانەی لەو وڵاتەن ڕادەستی بەغدا بکاتەوە.
سەدر حکومەتی ناوەندی و پارێزگاکانی هاوسنووری سوریا بە بەرپرسیار دەزانێت لە هەر دزەکردنێکی چەک یان تیرۆریستان بۆ ناو خاکی عێراق.
هەروەها، داوای چالاککردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ پاراستنی شوێنە پیرۆزەکان و زیندانەکان دەکات، هاوکات داوای ئامادەباشی تەواوی هێزە ئەمنییەکان دەکات.
سەدر لە کۆتایی پەیامەکەیدا داوای لە مامۆستایانی ئاینی کرد لە ڕێگەی مینبەرەکانەوە خەڵکی لە مەترسییەکانی تیرۆر و تائیفیەت هۆشیار بکەنەوە و نزا بۆ پاراستنی عێراق بکەن.