حەلبوسی هەسەدە بە ئازادكردنی سەركردەكانی داعش تۆمەتبار دەكات

سەرۆكی حزبی تەقدوم، بۆ جاری دووەم پەیامێكی توندی ئاراستەی ناوەندە سیاسییەكان كرد و تێیدا دژایەتی خۆی بۆ كاندیدكردنەوەی نوری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق دەربڕی. 

محەمەد حەلبوسی ٢١ی کانونی دووەم، لە پەیامەكەیدا كە لە هەژماری خۆی لە سەكۆی "ئێكس" بڵاویكردووەتەوە'' هێرشی توندی كردە سەر هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە).''

رایگەیاند'' لە ئێستادا و لەناو پشێوییە هەرێمییەكاندا، "ئەوەی بە هەسەدە ناودەبرێت" هەستاوە بە ئازادكردنی سەركردەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە زیندانەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی.'' ئەمەش وەک هەڕەشەیەكی جدی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەكە و عێراق وەسف دەكات.

لە كۆتایی پەیامەكەیدا، حەلبوسی داوای لە سەركردەکانی عێراق كرد كە هەست بە مەترسییەكانی قۆناغەكە بكەن. 

جەختی لەوە كردەوە كە دەبێت هەڵوێستێكی نیشتمانی یەكگرتوو هەبێت بۆ رێگریكردن لە هەر گەڕانەوەیەك بۆ ڕابردوو. هۆشداریدا كە هۆكارەكان هەرچییەك بن، نابێت رێگە بە تێكدانی ئەو سەقامگیرییە ئەمنی و سیاسی و كۆمەڵایەتییە بدرێت كە عێراق دوای رزگاربوونی لە داعش بەدەستی هێناوە.





PM:02:36:21/01/2026