لە چوارچێوەی هەوڵە چڕەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بە گەشتێکی ئاسمانی دۆخی هێڵی سنووری نێوان عێراق و سووریای بەسەرکردەوە، کە لە پارێزگای ئەنبارەوە تاوەکو پارێزگای نەینەوا درێژ دەبێتەوە.
ئەم جووڵەیەی محەمەد شیاع سودانی لەکاتێکدایە کە عێراق مەترسی و ترسی جددی هەیە لە ئەگەری شکاندنی بەندیخانەکانی داعش لە ڕۆژئاوا.
هاوکات، ئەم مەترسییە دوای ئەوە هات کە گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی دیمەشق پەلامارەکانیان بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕۆژئاوای کوردستان چڕکردووەتەوە، کە ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆشایی ئەمنی و هەڵاتنی تیرۆریستانی داعش.
عێراق، سوورە لەسەر ئەوەی ڕێگ نەکات ململانێ نێوخۆییەکانی سووریا کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکە هەبێت، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە پێشتر مەیدانی شەڕی داعش بوون.
ئەمە لە کاتێکدایە، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە” لە روانگەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و هەرێمیی عێراقەوە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، جەخت دەکەینەوە کە مەترسیی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش هێشتا هەڕەشەیەکی راستەقینەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و جیهان."