فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) باس لە ئۆپراسیۆنێکیان دەکات بۆ گواستنەوەی زیندانیانی داعش لە حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستانەوە بۆ ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عێراق.
چوار شەممە، ٢١ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، ئادمیراڵ براد کوپەر، فارماندەی سێنتکۆم، ڕایگەیاند " ئێمە بە نزیکی لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکان، لەوانەش حکومەتی عێراق هەماهەنگی دەکەین و سوپاسی رۆڵی ئەوان دەکەین لە تێکشکاندنی یەکجاریی داعش".
ئەو فەرماندەی سێنتکۆم جەختیکردەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەن تا بتوانن ڕێگری لە هەڵهاتنی هەر زیندانێکی داعش بکەن و پێویستە هاوبەشەکانیان کار ئاسانیان بۆ بکەن.
بە پێی زانیارییەکان ئەم هەنگاوەی ئەمریکا پەیوەندی بە ئاڵۆزی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریاوە هەیە و لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا باس لە هەڵهاتن یان ئازادکردنی ١٥٠٠ زیندانی داعش دەکرێت لە زیندانی شەدادی، وە ئەم ئێوارە بە فەرمی چەکدارانی سەر بە شەرع چوونە ناو کەمپی هۆڵ.