دەستەی حەشدی شەعبی ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردۆتەوە کە باس لە ناردنی "هێزێکی زۆر" دەکات بۆ شەنگال، بە هۆی "زیادبوونی جموجۆڵی چەکدارییە لە ناوچەکەدا".
چوار شەممە، ٢١ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، دەستەی حەشدی شەعبی، لە بارەی ناردنی لیوای ٧٤ی سەر بە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی نەینەوای حەشدی شەعبی بۆ شەنگال، ڕایگەیاند "بڵاوکردنەوەی ئەم هێزە سەربازییانە بۆ چاودێریکردنی دۆخی مەیدانی و پاراستنی سەلامەتی هاونیشتمانیانە، هێزەکان لە ناوچە جیاوازەکانی ناو شارۆچکەکە جێگیرکراون بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر دۆخێکی نەخوازراو و تێکدانی ئارامی ناوچەکە بکەن".
لەگەڵ زیادبوونی ئاڵۆزییەکانی سوریا و بەردەوامی هێرشەکانی گروپە چەکدارەکانی سەر بە شەرع بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و بەتایبەت ئەو زیندانانەی کە چەکدارانی داعشیان تێدا زیندانی کرابوو، لە عێراقدا جموجوڵی سەربازی زیادی کردوە و بەردەوام بەرپرسانی ئەمنی باس لە توندوتۆڵکردنی سنورەکان دەکەن لە نێوان عیراق و سوریا.