عێراق ١٥٠ چەکدرای داعش لە سوریا وەردەگرێتەوە

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاشکرای کرد، ڕەزامەندیدراوە لەسەر وەرگرتنەوەی ئەو تیرۆریستانەی لە گرتووخانەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات دان.

سەباح نوعمان، ڕایگەیاند'' پرۆسەی وەرگرتنەوەی ئەم چەکدارانە بە هاوکاری و هەماهەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش ئەنجام دەدرێت.''

 بڕیارەکە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە ڕەگەزنامەی عێراقی یان هەر ڕەگەزنامەیەکی تریان هەبێت بەو مەرجەی پێشتر لە ناو خاکی سوریا دەستگیرکرابن و لە ئێستاشدا بۆ لێپرسینەوە و دادگایی کردن دەگوازرێنەوە بۆ ناو دامەزراوە چاکسازییە حکومییەکانی ناوخۆی عێراق.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەنگاوی یەکەمی ئەم پرۆسەیەدا کاروانێکی پێکهاتوو لە ١٥٠ تیرۆریستی عێراقی و بیانی وەرگیراونەتەوە کە سەرجەمیان تێوەگلاون لە تاوانەکانی کوشتنی خەڵکی عێراق و ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە پلانی عێراق دەبینرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو سەرکردە و ئەندامە مەترسیدارانەی کە ئەگەری هەڵاتن یان بڵاوبوونەوەیان لێ دەکرێت لە ناوچەکەدا.




AM:10:33:22/01/2026