سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی فەرەنسا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دواین پەرەسەندنە ئەمنییەکانی سووریایان تاوتوێ کرد. تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکە بریتی بوو لە پرسی گواستنەوەی کاتیی ژمارەیەک لە چەکدارەکانی داعش بۆ ناو خاکی عێراق.
محەمەد شیاع سودانی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە وڵاتانی جیهان، بەتایبەتی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی و یاسایی خۆیان هەڵبگرن.
سودانی داوای کرد ئەو وڵاتانە هاوڵاتییە چەکدارەکانی خۆیان کە رەگەزنامەی ئەوروپییان هەیە وەربگرنەوە و کار بکەن بۆ دەستەبەرکردنی دادگاییکردن و سزادانی دادپەروەرانەیان لە وڵاتانی خۆیان.
لای خۆیەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، پابەندبوونی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ هاوکاریکردنی عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم کێشە ئەمنییە. ماکرۆن بەڵێنی دا کە فەرەنسا پاڵپشتیی هونەری و دارایی پێشکەش بە بەغدا بکات بۆ بەڕێوەبردن و چارەسەرکردنی دۆخی زیندانیانی داعش، بە جۆرێک کە بارگرانییەکە تەنها لەسەر شانی عێراق نەبێت.
هەردوو سەرکردە هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە تێکچوونی دۆخی زیندانەکان لە سووریا مەترسییەکی جدییە بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی.