نوری مالیکی بەربژێری چوارچێوەی هەماهەنگیە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران


چوارچێوەی هەماهەنگی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتوە کە سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا "بە زۆرینەی دەنگ"  بوە بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق.

شەممە، ٢٤ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، دوای کۆبونەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند " لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە زۆرینەی دەنگ بڕیاردرا نوری مالیکی وەک بەربژێری گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیاری بکەین".

ئەو هاوپەیمانێتیە هۆکاری بەربژێرکردنی نوری مالیکی گێرایەوە بۆ "ئەزموونی سیاسی و کارگێڕی و ڕۆڵی نوری مالیکی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا".

نووری کامل محەممەد حەسەن مالیکی، لە ساڵی ١٩٥٠لە ناوچەی هیندییە لە پارێزگای بابل لە دایکبوە، بڕوانامەی ماستەری لە ئەدەبی عەرەبیدا هەیە، بۆ ماوەی دوو خول لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦تا ٢٠١٤ سەرۆک وەزیرانی عێراق بوە، ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠١٨ جێگری سەرۆک کۆماری عێراق بوە.




PM:10:08:24/01/2026