ئەمڕۆ بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی سنوورەکان و مەترسیی دزەکردنی چەکدارانی داعش لە سووریاوە، پەرلەمانی عێراق بانگهێشتی وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ و سوپاسالاری کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ و سوپاسالار و فەرماندە ئەمنییەکان دانیشتنێکی تایبەت دەربارەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکانی سەر سنووری هاوبەش لەگەڵ سووریا ئەنجام دەدات.
سەعد مەعەن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی سەباح ڕایگەیاند،" هێزە ئەمنییەکان ئاسایشی سنوورەکان دەخەنە سەرووی کارە لەپێشینەکانیان و بە بەردەوامی چاودێری سنوور دەکەن".
جەختی کردەوە کە " سنوورەکانی عێراق – سووریا بە تەواوی لەلایەن یەکە سەربازییەکانی فەرماندەیی هێزەکانی سنوورەوە پارێزراون، بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی وەزارەتی بەرگری و دەستەی حەشدی شەعبی و لە ئێستادا هیچ کێشە یان هەڕەشەیەکی ئەمنی لەو بارەیەوە نییە".
مەعەن ڕوونیکردەوە کە هێزە ئەمنییەکان زنجیرەیەک ڕێکاری قایمکاری و تەکنیکی پێشکەوتوویان گرتووەتە بەر، لەوانە دروستکردنی پەرژینێکی کۆنکرێتی بەدرێژایی سنوور، لەگەڵ هەڵکەندنی خەندەقێکی ئەمنی و دانانی سیستمێکی چاودێری مۆدێرن کە نزیکەی ٩٦٠ کامێرای گەرمی لەخۆدەگرێت، جگە لەو تاوەرە چاودێرییە جێگیر و جێگۆڕانەی کە توانای هەستپێکردنی پێشوەختە و وەڵامدانەوەی خێرایان بەهێزتر کردووە”.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ڕاگەیاندن لەم قۆناغەدا ڕۆڵێکی گرنگ و میحوەری هەیە لە گواستنەوەی زانیاری و ڕاستییەکان بە وردی، بۆ بەهێزکردنی دڵنیایی لای ڕای گشتی و دوورکەوتنەوە لە گەورەکردنی بابەتەکان یان کەوتنە دوای پڕوپاگەندە و هەواڵی ناڕاست.
دانیشتنەکە لە کاتێکدایە کە گروپە توندڕەوەکانی سەر بە ئەحمەد شەرع دەستیان بەسەر زۆربەی ناوچە سنوورییەکانی سووریا گرتووە و ژمارەیەکیشیان لە گرتەی ڤیدیۆییدا هەڕەشە لە عێراق و ڕۆیشتن بەرەو کەربەلا دەکەن.