سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبۆوە و لەو بارەیەوە نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران دەڵێت " گواستنەوەی زیندانیانی داعش بۆ عێراق بەشێوەیەکی کاتیی بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی بوو".
یەک شەممە، ٢٥ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند "ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێشوازی لە ئەتولکهاری یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، بۆ پاڵپشتی ئۆپەراسیۆنەکان بە مەبەستی گواستنەوەی کاتی زیندانیەکانی داعش بۆ زیندانەکانی عێراق بە ئامانجی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و ئاسایشی ناوچەکەیە".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتوە کە "عێراق پابەندبوونی خۆی بە بەرپرسیارێتی و توانای خۆی بۆ دابینکردنی ڕێوشوێنی گونجاو بۆ ڕێگریکردن لە کردەوە مەترسیادارەکان پیشانداوە".
"پێویستە وڵاتانی پەیوەندیدار هاووڵاتییانی خۆیان کە ئەندامی داعشن بگەڕێننەوە و بیانخەنە بەردەم دادگا"، لە ڕاگەیاندراوەکەی نوسینەگەی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا هاتووە.
دوای هێرشەکانی گروپە چەکدارەکانی سەر بە شەرع بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە لە ٦ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، هێرش کرایە سەر چەندین زیندانی داعش کە لەلایەن هەسەدەوە بەڕێوە دەبرا و ئێستا ئەمریکا بەتەمایە ئەو زیندانییە داعشانە بگوازێتەوە بۆ عێراق.