بڕیارە سبەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق سازبکرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ و سەرۆکی هەڵبژێردراوی نوێ کاندید سەرۆک وەزیرانی گەورەترین هاوپەیمان ڕادەسپێرێت بۆ ئەوەی لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا حکومەت پێکبهێنێت، بەڵام زانیارییەکانی سپی ئاماژە بەوەدەکەن کە ئەگەر زۆرە کۆبونەوەکە ئەنجام نەدرێت.
بەپێی زانیارییەکانی ( سپی ) کە لە چەند سەرچاوەیەک لە بەغدا بەدەستی گەیشتوە، کێشە لە ناو ماڵی شیعە دروست بووە بۆ کاندید کردنی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران.
زانیارییەکانی سپی ئەوە ئاشکرا دەکەن کە ئەمریکا دژی کاندیدی کردنی نوری مالیکیە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، ئەمەش کێشەی لە ناو ئەندامەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دروست کردوە کە گەورەترین هاوپەیمانی پەرلەمانی عێراقە.
هاوکات، تا ئیستا گفتوگۆ و هەوڵەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەردەوامە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بە مەبەستی ئەوەی بەیانی بە کاندیدێکەوە بچنە ناو کۆبوونەوەکی پەرلەمانی عێراق تا سەرۆک کۆماری نوێی عێراق، سەرۆک وەزیرانی نوێ عێراق راسپێرێت لە ماوەی ١٥ رۆژدا کابینەی نوێ پێکبهێنێت، بەڵام تا ئیستا نەگەیشتونەتە هیچ ڕێککەوتنێک.
ئەمە لە کاتێکدایا، بڕیارە سبەی سێشەممە ٢٨ی کانونی دووەم، لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق سەرۆک کۆماری نوێ عێراق هەڵبژێردرێت، بەڵام تا ئێستا یەکێتی و پارتی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش نەگەیشتونەتە ڕێککەوتن.
هەر ئەمڕۆش، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی گەیشتە بەغدا بۆ ئەوەی کاندیدەکەیان کە نزار ئامێدیە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار یەکلای بکاتەوە، لە بەرامبەریشدا پارتی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی ئێستای عێراق بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید کردوە.