چوارچێوەی هەماهەنگی داوای کاندیدێکی هاوبەش لە پارتی و یەکێتی دەکات بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار

هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی ٢٦٠ـەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا بە مەبەستی تاوتوێکردنی ڕێکارە دەستوورییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار. 

لە کۆبوونەوەکەدا بە جیا میوانداری شاندەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرا و گوێ لە بۆچوون و داواکارییەکانی هەردوولا گیرا سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆماری داهاتووی عێراق.

چوارچێوەی هەماهەنگی لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا داوای لە پارتی و یەکێتی کردووە کە لەسەر کاندیدێکی هاوبەش ڕێکبکەون، بۆ ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە ماوەیەکی کورتدا ئاسانتر بێت. 

لایەنەکانی ناو چوارچێوە جەختیان لە گرنگیی یەکدەنگیی لایەنە کوردییەکان کردۆتەوە و داوایان کردووە ڕێککەوتنێک ئەنجام بدەن کە لەگەڵ وادە و مەرجە دەستوورییەکاندا بگونجێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، بڕیارە ئەمڕۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق سازبکرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ و سەرۆکی هەڵبژێردراوی نوێ کاندید سەرۆک وەزیرانی گەورەترین هاوپەیمان ڕادەسپێرێت بۆ ئەوەی لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا حکومەت پێکبهێنێت، بەڵام زانیارییەکانی سپی ئاماژە بەوەدەکەن کە ئەگەر زۆرە کۆبونەوەکە ئەنجام نەدرێت.




AM:12:06:27/01/2026