عێراق هاوکاری دارایی بۆ زیاتر لە ١٩ هەزار ژن ڕادەگرێت

وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق، ڕایگەیاند'' لە ڕێگەی هەڵمەتێکی بەرفراوانی مەیدانی و بەدواداچوونی وردی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی، توانیویانە ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانە ئاشکرا بکەن کە بە شێوەی نایاسایی و بە سەرپێچی ناویان لە تۆڕی هاوکارییەکاندا تۆمار کردبوو.''

حەسەن خەوام، دەڵێت'' بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی ئەو کەسانەی بە نایاسایی سوودمەند بوون لە مووچەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ نزیکەی ٣٨٠ هەزار کەس بووە، بەڵام ئەم ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٢٦دا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و گەیشتووەتە نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەس کە بە ناحەق مووچەیان وەرگرتووە.''

 وتەبێژی وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە نێو ئەو سەرپێچییانەدا، ١٩ هەزار و ٧٠٥ ژن دۆزراونەتەوە کە پێشتر وەک "خانمانی بێ هاوژین" ناویان تۆمار کراوە و مووچەیان وەرگرتووە، بەڵام لە ڕاستیدا لە دەرەوەی دادگاکان هاوسەرگیرییان کردووەتەوە و بەردەوام بوون لە وەرگرتنی ئەو هاوکارییە داراییەی کە بۆ ژنانی تەنیا تەرخانکراوە.

 حکومەتی عێراق ئەم هاوکارییە مانگانەیەی وەک مووچەیەکی بنەڕەتی بۆ ژنانی کەمدەرامەت، بێ هاوژین و کەسانی بەساڵاچوو دابین کردووە، بە مەبەستی یارمەتیدانیان لە دابینکردنی بژێوی ڕۆژانەیان، بۆیە وەزارەت دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم بەدواداچوونانە دڵنیابێتەوە کە تەنها کەسانی شایستە سوودمەند دەبن.




PM:12:52:27/01/2026