ترەمپ: ئەگەر مالیکی هەڵبژێردرێتەوە ئەمریکا هاوکارییەکان بۆ عێراق دەبڕێت


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەدژی گەڕانەوەی نووری مالیکی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداری دەدات و دەڵێت" ئەگەر مالیکی هەڵبژێردرێتەوە ئەمریکا هاوکارییەکان بۆ عێراق دەبڕێت".

شەوی سێشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند" نابێت ڕێگە بدرێت نووری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق بگەڕێتەوە سەر پۆستەکەی".

لە پۆستەکەیدا ترامپ دەڵێت" من بیستوومە کە ڕەنگە عێراق هەڵەیەکی گەورە بکات بە گەڕاندنەوەی نوری مالیکی بۆ سەرۆک وەزیران، لە سەردەمی مالیکی پێشوودا وڵات نوقمی هەژاریی ڕەها و ئاژاوەگێڕی بووە و نابێت ڕێگە بدرێت ئەمە دووبارە ببێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد: بەهۆی سیاسەت و ئایدۆلۆژییە توندڕەوەکانییەوە، ئەگەر هەڵبژێردرا، ئەمریکا هاوکارییەکان بۆ عێراق دەبڕێت، ئەگەر ئێمەش لەوێ نەبین بۆ هاوکاریکردن، عێراق هیچ چانسی سەرکەوتن و خۆشگوزەرانی و ئازادیی نابێت.

ترامپ لە کۆتاییدا پۆستەکەی بەم وشەیە کۆتایی پێهێنا:" با جارێکی دیکە عێراق گەورە بکەینەوە".




PM:11:26:27/01/2026