راوێژکاری سودانی: چانسی سودانی بۆ بوونەوە بە سەرۆک وەزیران زیاتر بوو


دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو سەرۆکی ئەمریکا ناڕەزایی لەسەر کاندیدکردنی مالیکی بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە دەربڕی، ڕاوێژکارێکی سودانی دەڵێت،" کارتی مالیکی سووتاوە و دەرفەتی سودانی بۆ خولی دووەم زۆر بەهێز بووە".

رۆژی چوارشەممە  ڕاوێژکارێکی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە میدیای پارتی ڕاگەیاند" دوای پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ، دەرفەتی مالیکی بۆ بوونەوە بە سەرۆک وەزیران سوتا و چانسی سودانیش بۆ ویلایەتی دووەم زۆر بەهێزتر بووەتەوە، ئێمەش ئومێدەوارین لەم دەمووچاوانەی هاوشێوەی مالیکی ڕزگارمان ببێت".

ئەو ڕاوێژکارەی سودانی باسی لەوەشکرد، " ئەگەر موفاجەئە نەبێت، سوودانی لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی هیچ ڕکابەرێکی نەماوە، بەتایبەتیش کە نامەکەی ترەمپ ئاماژەی ئەوەی تێدایە سێ ساڵی تەمەنی حکومەتەکەی سودانی لە ئاستی نێودەوڵەتی قبووڵکراو بووە".

لەبارەی هۆیەکانی قبووڵکردنی سوودانی بۆ خولی دووەم، ئەوەی خستەڕوو، " سودانی خاوەنی گەورەترین فراکسیۆنی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی و دەرەوەی چوارچێوەشە، ئەوەش هۆیەکی زۆر باشە و دەرفەتی بۆ ویلایەتی دووەم زیاتر دەکات".

ئەم قسانە لە کاتێکدایە کە شەوی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ پەیامێکی ئاڕاستەی عێراق کرد و ڕایگەیاند" لە سەردەمی دەسەڵاتی مالیکیدا عێراق کەوتبووەناو پشێویی و هەژارییەوە و نابێت ئەوە دووبارە ببێتەوە، ئەگەریش مالیکی بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت بگەڕێتەوە واشنتن چیتر هاوکاری بەغدا ناکات."





AM:10:14:28/01/2026