"تۆمەتبارکردنی نووری مالیکی بە تووندڕۆیی ستەمێکی گەورەیە"

لە کاردانەوەی هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەرامبەر نووری مالیکی ئەمینداری گشتیی کەتائیبی ئیمام عەلی دەڵێت"  تۆمەتبارکردنی نووری مالیکی بە تووندڕۆیی ستەمێکی گەورەیە".
 
لەدوای قسەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەسەر مالیکی ئەمڕۆ چوارشەممە لە هەژماری ئێکس شبل زەیدی، ئەمینداری گشتیی کەتائیبی ئیمام عەلی و یەکێک لە سەرکردەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بەرگری لە نووری مالیکی، بەربژێری چوارچێوەکە دەکات و دەڵێت" تۆمەتبارکردنی مالیکی بە تووندڕۆیی و دروستکردنی پشێوی ستەمێکی گەورە و چەواشەکردنی رای گشتییە."
 
زەیدی نوسیوێتی" داعش دروستکراوی ئەمریکییە و لەلایەن ئۆباما، بایدن و هیلاری کلینتۆنەوە دروستکراوە."
 
سەبارەت بە بنەماکانی سیستمی سیاسی لە عێراق، شبل زەیدی دەڵێت، "دابەشکاریی نەتەوەیی و تائیفی لەلایەن پۆڵ برێمەرەوە و لە رێگەی چەسپاندنی سیستمی پشکپشکێنە لە ئەنجوومەنی حوکمدا داهێنرا کە تاوەکو ئێستاش عێراق بەدەست لێکەوتەکانی ئەو سیستمەوە دەناڵێنێت."
 
ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەشڵێت" لەو کاتەی عێراق کەوتبووە نێو پیلانگێڕیی شەڕی تائیفی،( نووری مالیکی )سیمبوولی پیاوی دەوڵەت و میانڕۆیی بوو و یەکێکە لە بونیاتنەرانی گرنگی دەوڵەتی نوێی عێراق و کۆڵەکەیەکی پرۆسەی سیاسییە."
 
زەیدی پەیامەکەی بە پەندێک کۆتایی پێدەهێنێت و دەڵێت، "تۆمەتەکەی خۆی خستە پاڵ من و خۆی لێ دەرچوو، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی ئەوانەی مالیکی تۆمەتبار دەکەن، خۆیان هۆکاری کێشەکانن.

ئەم قسانە لە کاتێکدایە کە شەوی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ پەیامێکی ئاڕاستەی عێراق کرد و ڕایگەیاند" لە سەردەمی دەسەڵاتی مالیکیدا عێراق کەوتبووەناو پشێویی و هەژارییەوە و نابێت ئەوە دووبارە ببێتەوە، ئەگەریش مالیکی بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت بگەڕێتەوە واشنتن چیتر هاوکاری بەغدا ناکات."




AM:11:04:28/01/2026