بە گوێرەی وتەی سەرچاوەیەکی عێراقی زۆربەی وەزارەتەکان و دەزگاکانی حکومەت
هێشتا مووچەی فەرمانبەرەکانیان وەرنەگرتووە بەهۆی نەبوونی "نەختینەی دارایی”.
ئەو سەرچاوەیە بە ئاژانسی شەفەق نیوز-ی ڕاگەیاند" سەرەڕای داواکارییەکانی
وەزارەتی دارایی بۆ وەزارەتەکان بۆ دابینکردنی لیست و خشتەی مووچەی فەرمانبەران بەمەبەستی
دەستەبەرکردنی بودجە و تا کۆتایی ئەم مانگەش زۆربەی وەزارەتەکان مووچەی فەرمانبەرەکانیان
وەرنەگرتووە".
ڕوونیشیکردەوە، نوێنەری ڕێگەپێدراوی وەزارەتەکان پەیوەندییان بە وەزارەتی
داراییەوە کردووە بۆ تەواوکردنی هەنگاوە پێویستەکان، بەڵام بودجەی مووچە بەتەواوی
تەواو نەبووە، ئەمەش بووە هۆی دواکەوتنی پێدانی مووچە.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، لەنێو هۆکارەکانی دواکەوتنەکەدا نەبوونی نەختینەیی
لە بانکەکانی سەر بە دەوڵەت و هەروەها کێشە لە دەستەبەرکردنی نەختینەیی، کە کاریگەری
نەرێنی لەسەر پێدانی مووچە هەبووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا مووچەی فەرمانبەران تا ٢٨ی مانگ نەدراوە، لەکاتێکدا
بەزۆری لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٥ی مانگدا مووچەی فەرمانبەران دەدرێت، ئەمەش نیگەرانی و ناڕەزایی
لای فەرمانبەران دروستکردووە.
ڕۆژی دووشەممە، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە شەفەق نیوزی ڕاگەیاند" وەزارەتی
دارایی لیستی مووچەی ژمارەیەک وەزارەت و فەرمانبەرانی زانکۆی گەڕاندەوە و داوای جێبەجێکردنی
بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە بۆ زیادکردنی دەرماڵەی خزمەتگوزاری زانکۆ، کە
ڕەنگە ببێتە هۆی دواکەوتنی مووچەی چەند ڕۆژێک و ڕەنگە تا مانگی داهاتوو".