مالیکی بۆ ترەمپ: دەستوەردان لە کاروباری عێراق ڕەتدەکەینەوە

سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بە توندی وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت'' بە توندی دژی هەر دەستوەردانێکی ئاشکرای ئەمریکان لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا.

نوری مالیکی ئەم هەنگاوەی واشنتۆن بە پێشێلکردنی ڕووی سەروەریی وڵات و سووکایەتی بە دامەزراوە نیشتمانییەکان وەسف کرد.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەیدا، مالیکی جەختی کردەوە کە گوشارەکانی ئەمریکا دەستدرێژین بۆ سەر بڕیارە سیاسییەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی". ئاماژەی بەوەش کرد کە پڕۆسەی هەڵبژاردنی کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران مافێکی ڕەهای ناوخۆییە و ڕێگە نادەن هیچ لایەنێکی دەرەکی تێوەگلێت لەو بڕیارەدا.

 نوری مالیکی ووتیشی'' زمانی گفتوگۆ تەنیا بژاردەی سیاسییە بۆ مامەڵەکردن لە نێوان دەوڵەتاندا.''

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مالیکی پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دوپاتکردەوە و ڕایگەیاند'' بەردەوام دەبم لە کارکردن تاوەکو گەیشتن بە ئەنجامێک کە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی عێراق بپارێزێت."

ئەمە لە کاتێکدایە، سەرۆکی ئەمریکا لە دواین لێدوانیدا، ئاماژەی بە سەردەمی دەسەڵاتی پێشووی مالیکی کرد و وتی'' دوایین جار مالیکی لە دەسەڵاتدا بوو، وڵاتەکە تێکەوتە نێو هەژاری و پاشاگەردانییەکی تەواو. نابێت رێگە بدرێت ئەوە دووبارە ببێتەوە."


 




PM:01:49:28/01/2026